بۆ دووەمین رۆژی لەسەریەک بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بۆ دووەمین رۆژی لەسەریەک بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە؛ ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار زیاد لە هەزار دینار دابەزی.
 
بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەدا لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار بوو.
 
محەممەد حاجی قادر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لەو بازاڕە بە رووداوی گوت، ئێوارە لە کاتی داخستندا بەهای 100 دۆلار بۆ 148 هەزار و 700 دینار دابەزیوە.
 
لە بازاڕی دۆلارفرۆشانیش 100 دۆلار لە کاتی کردنەوەدا بە 150 هەزار دینار و، لە کاتی داخستنیشدا بە 148 هەزار و 800 دینار بووە.
 
بەم پێیە، ئەمڕۆ هەر 100 دۆلارێک لە سلێمانی هەزار و 300 دینار و، لە هەولێریش هەزار و 200 دینار دابەزیوە.
 
بە گوتەی محەممەد حاجی قادر، بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ پێدانی دۆلار بە بەهای فەرمی بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکان، هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینارە.
 
بڕیارەکەی بانکی ناوەندی لە 14ـی ئەم مانگەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
رۆژی دووشەممە 8-7-2024، بۆ یەکەمجار دوای زیاتر لە 3 مانگ، 100 دۆلار گەیشتەوە زیاتر لە 150 هەزار دینار.
 
لە 18ـی ئاداری ئەم ساڵەوە، بەهۆی گەشبینی بە کاریگەریی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، بەهای 100 دۆلار گەیشتە کەمتر لە 150 هەزار دینار.
 
سوودانی لە 15ـی نیسان سەردانی ئەمریکای کرد و لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە. 
 
ئاڵوگۆڕکاران هۆکاری دابەزینی بەهای دیناریان بۆ کێشە لە ناردنی بەشێک لە حەواڵەکان گەڕاندەوە.
 
رۆژی 30-05-2024 بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراوی فەرمی 197 کۆمپانیای قەدەخە کرد بچنە نێو دەروازەی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی. ئەمە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دینار بوو.