ئابووری
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو: بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە
رووداو - هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "عێراق هاوردەکردنی تەماتە و خەیاری لە دەروازەکانییەوە قەدەخەکرد، ئەوەش بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان."
رۆژی یەکشەممە 10-7-2022، حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەم رۆژانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئیدی لەبری هاوردەکردنی تەماتە و خەیار لە وڵاتانی دەوروبەرەوە، ئەو بەرهەمانە لە هەرێمی کوردستان دەکڕێت."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، کاتێک عێراق بەروبوومی کشتوکاڵی لە وڵاتانی دەوروبەرەوە هاوردە دەکرد، لە دوو رووەوە گرفتی بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەکرد. "یەکەم، بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ساخ نەدەبووەوە، ئەوە لە کاتێکدایە بەرهەمی پێویستمان هەیە و بەشی عێراقیش دەکات. دووەم، بەشێک لەو بەرهەمانەی عێراق هاوردەی دەکرد، دەهاتە هەرێمی کوردستان و ئەوەش گرفتی بۆ بەرهەمی خۆمان دروستدەکرد."
حوسێن حەمەکەریم گوتیشی: "ئێستا تەماتە، خەیار، کولەکە و باینجانیش زۆرە و بەشی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەکات."
رۆژی یەکشەممە بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی ناڕەزاییەتییان دەربڕی و باسیان لەوە کرد، بەرهەمیان ساخنابێتەوە.
سەبارەت بە رێکخستنی بەرهەمی نێوخۆ، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "ساڵانە رۆژنامەی کشتوکاڵیمان هەیە. لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆدا باج دەخرێتە سەر بەرهەمی هاوردە یان قەدەخە دەکرێن، بەڵام حکومەتی عێراق 100% پابەند نییە بە رۆژژمێری کشتوکاڵییەوە و لە دەروازە سنوورییەکانییەوە رێگە بە هاتنەناوەوەی بەرهە دەدات کە ئەوەش وا دەکات بەرهەمی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی وڵات پارە نەکات و ساخ نەبێتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: "دەمانەوێت ئەو رۆژنامە کشتوکاڵییە لەگەڵ بەغدا یەکبخەین. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکمان پێکهێناوە کە چەند جارێک سەردانی بەغدای کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەبووە. ئەگەر بابەتەکە یەکلابکرێتەوە، ئەوکات کێشەکانمان چارەسەر دەبن و لەگەڵ عێراق بەرنامە دادەنێن بۆ دانانی باج و قەدەخەکردنی هاوردەکردنی بەروبووم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ