رووداو دیجیتاڵ
بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار جارێکی دیکە دابەزی. لە هەولێر 100 دۆلار گەیشتەوە نزیکەی 147 هەزار دینار.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ (دووشەمممە) لە کاتی داخستنی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 146 هەزار و 900 دینار بووە.
لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا بەیانیی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 146 هەزار و 550 دینار بووە.
رۆژی 30-05-2024 بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراوی فەرمی 197 کۆمپانیای قەدەخە کرد بچنە نێو دەروازەی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی. حاجی سابیر دەڵێت، ئەم بڕیارە هۆکاری دابەزینی بەهای دینارە.
ئەو ئاڵوگۆڕکارەی دراوە گوتی: "خەڵک وا تێگەیشتووە ئەو کۆمپانیایانە ئاڵوگۆڕی دراون، بەڵام کۆمپانیای بازرگانیین. ئەگەرنا لە بنەڕەتدا بڕیارەکە نابێتە هۆی دابەزینی بەهای دینار، بەڵام بەهۆی ترسەکەوە دابەزیوە."
لە سلێمانیش بە هەمانشێوە لە کاتی داخستنی بازاڕدا بەهای دینار زیاتر دابەزی.
محەممەد حاجی قادر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 146 هەزار و 700 دینار بووە. لە کاتی کردنەوەشدا بە 146 هەزار و 700 دینار بووە.
وەک ئەو ئاڵوگۆڕکارە دەڵێت، هەرچەندە حەواڵە خێرا و زۆرە، بەڵام دەبێت هێشتا زیاتر و خێراتر بکرێت، چونکە ئەم رۆژانە دیناری زۆر دێتە بازاڕەوە.
دەشڵێت، بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی عێراق لە بێبەشکردنی 197 کۆمپانیا لە وەرگرتنی دۆلار بە بەهای فەرمی، هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینی بەهای دینار.
بۆ حەواڵەکردن، دەبێت بازرگانان دینار بخەنە سەر هەژمارەکانیان، ئەوەش وا دەکات دینار لە بازاڕ کەمبێت و خستنەڕووی دۆلار زیاد دەبێت و خواست لەسەری کەمبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ