چوار فراکسیۆن واژۆ لەسەر پێشنیازی نوێی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە دەکەن

11-06-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن بودجەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری واژۆیان لەسەر پێشنیازی گێڕانەوەی 12٪ـی پاشکەوتی مووچە کردووە و بە لیستێکی زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری، پێشکێشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکەن بۆ ئەوەی بخرێتە نێو مادەی 14 و پەسەندبکرێت.
 
شەوی شەممە، 10-6-2023، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێشنیازە نوێیەکە بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەلایەن فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری."ـیەوە واژۆکراوە و تەنیا فراکسیۆنی نەوەی نەوێ واژۆی لەسەر نەکردووە."
 
روونیشیکردەوە" ئەو چوار فراکسیۆنە بە زیاتر لە 50 پەرلەمانتار یاداشتێک دەدەینە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی ئەو بڕگەیە بخرێتە نێو رەشنووسی بودجەکە و مادەی 14ـوە بەدیاریکراوی بۆ ئەوەی پەسندبکرێت."
 
بەپێی سەرچاوەیەک  لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، ئەوان واژۆیان لەسەر پێشنیازەکە نەکردووە، بەڵام ئامادەن لەکاتی خستنەنێو مادەی 14ـوە، دەنگی لەسەر بدەن.
 
10ـی حوزەیرانى 2023، خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، فراکسیۆنەکەیان پێشنیازى کردووە پرسی دانەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە هاوئاهەنگى بێت لەنێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى، کە مانگانە 12%ـی پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران بدرێتەوە.
 
بڕیارە ئەمشەو پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا دەست بە پەسندکردنی بەشێکی دیکەی مادەکانی رەشنووسی بودجە بکات، لەنێویاندا مادەی 14، کە پەیوەندە بە هەرێمی کوردستانەوە.
 
شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیان کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەردەوام بوو،  تێیدا دەنگ بە مادەکانی 2-9-10-11-12-13 و 18 درا؛ مادەی 14 هەروەها مادەکانی 15-16 و 17 کە ناکۆکی نێوان پکهاتەکانی دیکەیان لەسەربوو، دەنگدان لەسەریان دواخرا.
 
ئەمڕۆ د.فوئاد حوسێن، سەرۆکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " رێککەوتن لەبارەی بڕگەی حەوتەمی مادەی 14 کراوە."
 
هەر ئەمشەو وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە حکومەتەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، "دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەموو ئەو رێککەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە بە درێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لەنێوان هەردوولا ئەنجام درابوو."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە