ئەندامێکی لیژنەی دارایی: سوودانی لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە پشکی کورد لە بودجەدا


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق تەمەنی یاسادانانی خۆی درێژکردووەتەوە تاوەکو ئەو کاتەی پڕۆژەیاسای بودجە پەسند دەکات. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، چەند بڕگەیەکی ناو پڕۆژەیاساکە کە پەیوەستن بە پشکی هەرێمی کوردستان "نایاسایین" و بەپێچەوانەی رێککەوتنەکان داڕێژراونەتەوە، بۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بەو بڕگانە.
 
رۆژی چوارشەممە، 10-05-2023، نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانی بوولتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە، دواتر لیژنەکە لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی دیکەی حکومەت کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پشکانەی لە بودجەدا بۆیان دیاریکراوە".
 
لەبارەی بەردەوامبوونی 400 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران، نەرمین مەعرووف گوتی، لە کۆبوونەوەی لیژنەکەیاندا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراقدا، ئەو وەزیرە رایگەیاند: دوای رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوکات بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، پابەنددەبن بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە و خەرجییەکانی حکومەت تاوەکو ئەوکاتەی هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە و بودجە پەسند دەکرێت.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەداوە، ئەو پارانە بە قەرز دەدرێنە هەرێمی کوردستان و دوای پەسندکردنی بودجە، لەو پشکەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، کەمدەکرێنەوە.
 
پەرلەمانی عێراق دوێنێ تەمەنی وەرزی یاسادانانی لە 09-06-2023ـەوە درێژکردەوە تاوەکو ئەوکاتەی بودجەی عێراق پەسند دەکرێت. نەرمین مەعروف دەڵێت: "ساڵی رابردووش عێراق بودجەی نەبووە، بەهۆی لەبەردەستنەبوونی بودجە، حکومەت دەستکراوە نییە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە و ستراتیژییەکانی، پەسندکردنی بودجە ئێستا بەتەنیا خەمی شەقام نییە، بەڵکو بووەتە خەمی حکومەت و پەرلەمانیش، بۆیە بە چڕی کار لەسەر تەواوکردنی رێکارەکانی دەکرێت".
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەوە دەکات، لەکاتی گەیشتنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان "چەند خاڵێکی مەترسیداری" لەسەر پشکی کورد بەدیکردووە، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی کورد لە لیژنەی دارایی و ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو بابەتەیان وروژاند و هەفتەی رابردوو وەزیرە کوردەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو تێبینییانەیان خستەڕوو، بۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بەو خاڵانەی لەگەڵ بنەما دەستوورییەکان و رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق یەکناگرنەوە.
 
نەرمین مەعرووف گوتی: "مادەی 12ـی بودجەی عێراق کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان سەقفێکی بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، بەدەر لەمەش هەندێک یاسا هەیە کە پەیوەستە بە پشکی پێشمەرگە کە لەسەر بنەمای دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، نەک ژمارەی هێزی پێشمەرگە و ئەو پارەیەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەرخانکراوە، لە چوارجێوەی خەرجییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە و وەکو هێزێکی سەربازی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە".