نرخی نەوت دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی. هەر ئۆنسە زێڕ لە نزیکەی 2030 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بەپێچەوانەی پێشبینییەکان زیادیکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هەر بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 16 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها هەر بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 20 سەنت دابەزی و بە 73 دۆلار و 51 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لەکاتێکدا پێشبینی دەکرا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 900 هەزار بەرمیل لە هەفتەی رابردوودا کەمبکات، بەڵام بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا 3 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل زیادیکردووە.
بڕیارە ئەمڕۆ ئاماری هەڵاوسان لە ئەمریکا بڵاوببێتەوە و پێشبینی دەکرێت کاریگەریی بەرچاو لەسەر نرخی نەوت و کانزاکان دابنێت.
هەر ئۆنسە زێڕ لە نزیکەی 2030 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی هەر ئۆنسە زێڕ لە بازنەیەکدا لە نێوان 2030 دۆلار تاوەکو 2035 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بازرگانان ئەمڕۆ چوارشەممە بە وریاییەوە مامەڵەکانیان ئەنجامدەدەن، لەبەر ئەوەی کاژێر 3:30ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر، ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ مانگی نیسان بڵاودەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر نرخی زێڕ و بازاڕەکانی دیکە دابنێت.
بەپێی چەندین راپرسی ئەگەری هەیە رێژەی هەڵاوسان لە مانگی نیسان لە ئەمریکا بەرزبووبێتەوە بۆ 5.5٪.
بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە بریاردان لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بۆ یەک جاری دیکە لە مانگی داهاتوو بەپێی ئەو داتا ئابوورییانە دەبێت کە تا ئەو کاتە بڵاودەبنەوە و ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی نیسان دەتوانێت کاریگەریی بەرچاو لەسەر بریارەکەی بانکی ناوەندی دابنێت.
جۆن ویلیامز، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە نیویۆرک لەو بارەیەوە رایگەیاند، هێشتا زووە کە بڵێن کاری بانکی ناوەندی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی تەواوبووە.
بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە مانگی چوار دەتوانێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا هانبدات کە جارێکی دیکە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە. بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ.