رووداو دیجیتاڵ
لە عێراق پارەپێدانی ئەلیکترۆنی لە رێگەی ئامێرەکانەوە لە ساڵێکدا 96٪ زیادیکردووە، سەرۆکی سەنتەرێکی تایبەت بە توێژینەوەی ئابووری دەڵێت، چاوەڕواندەکرێت لە ئەمساڵدا بگاتە 25 تریلیۆن دینار.
بەپێی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری، لە مانگی شوباتی ساڵی 2024دا قەبارەی پارەدان لە رێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە لە عێراق گەیشتووەتە یەک تریلیۆن و 200 ملیار دینار و بەراورد بە مانگی پێشتر 15٪ زیادی کردووە.
مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیادبوونەکە بەهۆی ئەو میکانیزمانەوەیە کە لە سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانییەوە جێبەجێ دەکرێت، لەوانە وەزارەتی نەوت کە بڕیاری داوە، پارەدان لە وێستگەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی بکرێتە ئەلیکترۆنی.
سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری گوتی، "چاوەڕوان دەکرێت قەبارەی پارەپێدان لە رێگەی ئامێرەکانەوە لە عێراق لە مانگەکانی داهاتوو بۆ سێ تریلیۆن بۆ هەر مانگێک زیاد بکات."
مەنار عوبەیدی پێشبینی دەکات، ئەمساڵ کۆی ئەو پارەیەی لە رێگەی ئامێرەکانەوە دەدرێن بگاتە 25 تریلیۆن دینار، کە بەلای ئەو شارەزای ئابوورییەوە "رۆڵی باشی لە باشترکردنی ئابووری عێراق دەبێت."
1ـی حوزەیرانى 2023، بانکى ناوەندیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنى خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەليکترۆنى (POS)ـی لە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى راگەیاند و ئاماژەى بەوەدا، ئامانج لەو بڕیارەی، بەهێزکردنى متمانەى پارەدانى ئەلیکترۆنی و سنووردارکردنى مامەڵەى نەختینەیە لە مامەڵەکانى پارەدان و بازرگانیدا.
رۆژی 17ـی کانوونى دووەمى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا لە 1ی حوزەیرانەوە بە فەرمى دەست بە کارکردن بکرێت بە سیستمى پارەدانى ئەلیکترۆنى، تاوەکو هاووڵاتییان لە رێگەى کارتى بانکیەوە مامەڵە داراییەکانیان لە فەرمانگەى حکومى و کەرتى تایبەت بەڕێبکەن.
ئەو هەنگاوەى حکومەتى عێراق بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار و رێگرییە لە سپیکردنەوەى پارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ