وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووکی لەگەڵ BP واژۆ کرد

10-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی نەوتی عێراق، گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و فراوانکردنی دامەزراوە گازییەکانی کۆمپانیای گازی باکووری لەگەڵ کۆمپانیای BPـی بەریتانی واژۆ کرد. 
 
وەزیری نەوت دەڵێت، واژۆکردنی گرێبەستەکە سەرچاوە داراییەکانی بودجەی فیدراڵی فراوان دەکات و وەبەرهێنان لە گازیش بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کارەبا زیاتر دەکات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: "ئەمڕۆ گرێبەستی گشتگیری پەرەپێدانی هەر چوار کێڵگەی بای حەسەن، باوەگوڕگوڕ و ئاڤانا، جەمبور و خەبازەی کەرکووک لەگەڵ کۆمپانیای BPـی بەریتانی واژۆکرا."
 
لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەسەر پەرۆشی وەزارەتەکەی بۆ گەورەکردنی سەرچاوەی نەوت و گازی دەوڵەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "واژۆکردنی ئەم گرێبەستە رەنگدانەوەی ئەرێنیی دەبێت لەسەر فراوانکردنی سەرچاوە داراییەکانی بودجەی فیدراڵی."
 
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، "واژۆکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەستکەوتێکی گەورەیە، کارەکانی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەیان بەرهەمی نیشتمانی زیاد دەکات، جگە لە وەبەرهێنان لە گاز و زیادکردنی بڕی بەرهەمەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا."
 
وەزارەتی نەوتی عێراق روونیدەکاتەوە، گرێبەستەکەیان لەگەڵ کۆمپانیای BP، نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی گاز لە کۆمپانیای گازی باکووریش لەخۆدەگرێت.
 
كێڵگە نەوتییەكانی كەركووک (بای حەسەن، ئاڤانا، باوەگوڕگوڕ، جەمبوور و خەبازە)، ئێستا لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوور سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێن. 
 
رۆژی سێشەممە، 14-01-2025، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری گەیشتە لەندەن و لەلایەن کیەر ستامەر، هاوتا بەریتانییەکەی پێشوازی لێکرا.
 
رۆژی 1ـی ئابی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نەوتی گشتگیری لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی بی پی کرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کەرکووک.
 
یاداشتەکە لەلایەن حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت بە نوێنەرایەتیی عێراق و مورای ئۆشینکڵۆس، سەرۆکی جێبەجێکار و نوێنەری کۆمپانیاکە واژۆکرا.
 
کۆمپانیای BP لە 1920ـەوە لە کەرکووک کاری کردووە و دەڵێت، کەرکووک و دەورووبەری "نزیکەی 9 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگیان هەیە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 705 هەزار دینارە

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد و ئۆنسەیەکی بۆ 3395 دۆلار بەرزبووەوە کە بەرزترین ئاستیەتی لە مێژووی مامەڵەکانی ناو بازاڕدا. یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 705 هەزار دینارە.