بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، خەڵک لە جیهان زێڕەکانیان دەفرۆشن

10-02-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زێڕنگرانی شەقامی ناسراوی هاتن گاردن لە لەندەن کە بە بازاڕی زێڕی ئەو شارە ناسراوە، دووکانەکانیان بەڕووی ئەو کەسانە دا کردووەتەوە کە زێڕەکانیان دەفرۆشن. 
 
جێنیفەر لیلی، یەکێکە لەو فرۆشیارانەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە هەل دەزانێت بۆ ئەوەی بازنە زێڕەکەی بفرۆشێت. 
 
جێنیفەر دەڵێ "پێموایە ئێستا کاتێکی باش بێت و نرخێکی باشی بۆ وەرگرم، لەوانەیە باشترین نرخ. لەوانەیە ساڵێکی دیکە چاوەڕوان بکەم پارەی زیاتر بکات، بەڵام بەم دواییانە کارەکەم لەدەستداوە و پێویستم بە پارەیە."
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکبووەتەوە لە 2900 دۆلار؛ ئەمە بەرزترین ئاستە لە مێژوودا. بەرزبوونەوەی نرخەکەش فرۆشیاری زیادکردووە. 
 
10 هەزار کیلۆمەتر دوور لە بازاڕی زێڕی لەندەن، لە پارێزگای جیانگ سووـی چین، بازاڕی زێر سستە.
 
هەندێ لە هاووڵاتیان لە جیاتی کڕینی زێڕی نوێ، خشڵ و گەوهەرەکانیان دەگۆڕنەوە و تەنیا دیزایینەکەی نوێ دەکەنەوە. 
 
گائو شۆنیان، زێڕینگەرە لە بازاڕەکەی جیانگ سوو و دەڵێ "لە کاتی پشووەکانی سەری ساڵدا نرخی گرامێک زێڕ لە ماوەیەکی کەمدا 6 دۆلار بەرزبووەوە. یەکەم کاردانەوەی کڕیاران ئەوە بوو کە نرخی زێڕ زۆر بەرزبووەتەوە. لەبەر ئەوەش لە سەری ساڵدا بەراورد بە ساڵی پێشوو، کڕیارانی زێڕ بەڕێژەی 40 تاوەکو 50٪ کەمبوونەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، شەڕی بازرگانی لە جیهان هەڵگیرساندووە، ئەوەش بەپێی شرۆڤەکاران هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە کە پار 30٪ و ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا 9٪ بەرزبووەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە