رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، دۆخی ئەمنیی وڵات ئێستا "زۆر باشترە". لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش گوتی، پەیوەندییەکانیان "زۆر باش"ـە و کێشەی تایبەت بە نەوت و گاز لەنێوان هەولێر و بەغدا لە رێگەی دەرکردنی یاسای نەوت و گازەوە چارەسەر دەکرێت. باڵیۆزی ئەمریکاش لە عێراق دەڵێت، ئەمریکا پەرۆشە بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتەکەی سوودانی.
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و سەرۆکی شاندی ئەو وڵاتە بۆ ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری، پشت بە سەرچاوەی جیاوازی داهات دەبەستن. دەشڵێت، پشتبەستن تەنیا بە داهاتی نەوت خراپە، چونکە کاتێک گۆڕان لە نرخی نەوت روودەدات کاریگەری لەسەر وڵاتەکە دروست دەکات.
لەبارەی پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، فوئاد حوسێن دەڵێت، ئێستا پەیوەندییەکانیان زۆر باشن و راستە کێشە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، "بەڵام هەوڵدەدەین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە." گوتیشی، "کشەکانی دیکە لەگەڵ هەولێر لەسەر پرسی نەوت و گاز، لە رێگەی یاساوە چارەسەر دەکرێن."
رۆژی چوارشەممە، 08-02-2023، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتنە واشنتن و رۆژی پێنجشەممە، 09-02-2023، لە بەیانییەکەی کاژێر 08:30ـەوە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا دەستپێکردن. شاندەکەی عێراق زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و چەند دامەزراوەیەکی دیکە کرد.
فوئاد حوسێن گوتی، لە ئاییندەیەکی نزیکدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی نەوت و گاز سەردانی بەغدا دەکات و دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا ئەو بابەتە یەکلابێتەوە، باس لەوەش دەکات کە "لە مانگەکانی داهاتوودا بە چڕی گفتوگۆ لەسەر پرسی نەوت و گاز دەکەین."
شاندەکەی عێراق ئەمڕۆش کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا درێژەپێدا. وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، وڵاتەکەی کێشەی لە بواری کارەبادا هەیە، بەڵام کاری لەپێشینەی ئەم حکومەتە کە بە رێککەوتنی نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی هاتە ئارەوە، دابینکردنی خزمەتگوزارییە.
فوئاد حوسێن دەشڵێت، "رێککەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکانی حکومەت هەیە و ئەمەش رەنگدانەوەی لەنێو حکومەتدا هەبووە، هەموو هەفتەیەک سەرکردە سیاسییەکان کە پشتیوانی لە حکومەت دەکەن، کۆدەبنەوە. سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانیش بەشێکن لەو کۆبوونەوانە، ئێمە باس لەو کێشانە دەکەین کە هەن و دواتر ئەو گفتوگۆیانە دەچنە نێو کۆبوونەوەی حکومەت و لە حکومەت بڕیار لەبارەی پرسەکان دەدرێت."
ئەلینا رۆمانسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە، رایگەیاند، پێشتر لە عێراق سەرنجیان لەسەر پرسی ئاسایش و ئەمنی بووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە و سەرنجیان لەسەر پرسی ئابووری، وزە و گۆڕانی کەشوهەوایە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گوتی، ئەمریکا پەرۆشە بۆ کارکردن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و "دەمانەوێت هاوبەشی و هاوئاهەنگیمان لەگەڵ عێراق بەهێز بکەین، سێکتەری وزە باشترین سێکتەرە کە هاوئاهەنگیمان باشتر بکەین."
لەبارە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و گا، باڵیۆزی ئەمریکا داوایکرد ئەو دوولایەنە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و گوتی، "داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین قەرزەکانیان بە کۆمپانیاکانی رۆژئاوا بدەنەوە."
وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران لە ئەمریکا گوتی، بە ئێرانییەکانیان گوتووە کە دەیانەوێت دراوسێیەکی باش بن، چونکە بەهێزیی عێراق لەڕووی ئابوورییەوە لە بەرژەوەندیی ئێرانیشە. گوتیشی، بەڵام ئێران لەوە تێدەگات کە عێراق سیاسەتی خۆی هەیە و "بڕیاری عێراقی لە بەغداوە دەدرێت."
فوئاد حوسێن پێیوایە کە ئێران نەک لەگەڵ ئەمریکا، بەڵکو لەگەڵ زۆر وڵاتی دیکەیش کێشەی هەیە و دەڵێت، توانییان وڵاتانی ناوچەکە لە بەغدا کۆبکەنەوە. لەبارەی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، بە ئێرانییەکانیان گوتووە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بکەنەوە، چونکە بۆ خۆیان باشترە، بەڵام ئەوان کێشەی مێژووییان لەگەڵ ئەمریکا هەیە کە ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە.
وەزیری دەرەوەی عێراق زیاتر لەبارەی ئێرانەوە قسە دەکات و دەشڵێت، هەموو کێشەکانیان لەگەڵ باس دەکەن، بەڵام "ئێمە وەک عێراقی بیردەکەینەوە و وەک عێراقی پلان دادەنێین، بە روونی پێمگوتوون کە لە بەرژەوەندیی عێراقە پەیوەندیی باشی لەگەڵ واشنتن هەبێت."
لەبارەی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی کە لە عێراق کار دەکەن، فوئاد حوسێن باسی لەوە کرد، ئێران ئەوەی پێناخۆشە، بەڵام "ئەوە بەرژەوەندیی ئێمەیە و ئێران پێی خۆشە و یان نا ئەوە کێشەی ئێمە نییە، ئەوەش راست نییە کە کۆمپانیاکان بڵێن بەهۆی کاریگەریی ئێران ناتوانن لە عێراق کاربکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ