وێبسایتێکی راستکردنەوەی هەواڵ: لێدوانەکەی وەزیری ئابووریی ئیسرائیل لەبارەی نەوتی کوردستانەوە راست نییە


رووداو دیجیتاڵ

تیمێکی شارەزای تەکنەلۆژی بەدواداچوونی بۆ هەواڵێک کردووە کە گوایە ئۆرنا بابیفای، وەزیری ئابووریی ئیسرائیل گوتوویەتی رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری عەقەبەوە لە ئوردنەوە دەگاتە ئیسرائیل، بەڵام تیمەکە دوای بەدواداچوونی هەواڵەکە رایگەیاندووە: "ئەوە هەواڵێکی هەڵبەستراوە."
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژی 10-2-2023ـی وێبسایتی "تەکنەلۆژیا لەپێناو ئاشتی" کە وێبسایتێکە بایەخ بە راستکردنەوەی هەواڵی ماڵپەڕەکان و سۆشیاڵ میدیا لە وڵاتانی ناسەقامگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، ئەو هەواڵەی رەتکردووەتەوە کە لە هەندێک وێبسایست و سۆشیاڵ میدیای بەتایبەت عێراقی لەسەر زاری وەزیری ئابووریی ئیسرائیل بڵاویانکردووەتەوە و دەڵێت، "باسی نەوتی هەرێمی کوردستانی نەکردووە."
 
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەیەک لەنێوان عێراق و ئوردن دێت، کە لە شوباتی 2023 لە سەرجەم بوارەکان کردیان، لەنێویاندا باسکردنی قۆناخە کۆتاییەکانی پڕۆژەی راکێشانی بۆریی نەوتی عێراق و ئوردن.
 
دامەزراوەی تەکنەلۆژیا لەپێناو ئاشتی، دامەزراوەیەکی قازانجنەویست و تۆمارکراوە لە عێراق، جەخت لەسەر ئاسایشی ژمارەیی و بنیاتنانی هۆشیاریی لەبارەی چۆنێتیی خۆپاراستنی کەسەکان و تایبەتمەندێتییان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت دەکات.