ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستی بەسەر یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگە نایاساییەکانی پارێزگای بابلدا گرت

10-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستبەسەرداگرتنی کارگەیەکی بۆ پاڵاوتن و بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگای بابل راگەیاند. بەپێی دەزگاکە، دەستبەسەر سێ ملیۆن لیتر نەوت لە بەرهەمە نەوتییەکاندا گیراوە، جگە لە ژمارەیەک لە "بەڵگەنامەی ساختە" کە لەنێو کارگەکەدا بوون.
 
رۆژی هەینی، 10-2-2023، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "دوای هەڵاتنی خاوەن کارگەکە بۆ بەغدا، بەپێی فەرمانێکی دادوەری دەستگیرکرا، پاوڵاگەکە لە پارێزگای بابل بووە و توانای پاڵاوتنی بڕێکی زۆری بەرهەمە نەوتییەکانی هەبووە."
 
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پارێزگای بابل لەبارەی ئەو پاڵاوگەیە و خاوەنەکەی بە رووداوی گوت "پاڵاوگەکە لەلایەن سەرمایەدارێکی دیاری ناوچەکەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەویش پاڵپشتیی یەکێک لەلایەن سیاسییەکانی هەیە."
 
ماوەیەکە حکومەتی عێراق لە رێگەی دامەزراوەکانییەوە دەستی بە هەڵمەتی دەستگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەس و شوێنانە کردووە کە نەوتی عێراق بەقاچاخ دەبەن.
 
رۆژی سێشەممە، 24-1-2023، وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بۆ فەریق سمکۆ نازم ئەمین، بریکاری وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ کاروباری ئاسایشی فیدراڵی، لیوا روکن زافر نەزمی، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە و عەمید خالد محەننە، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە رێکخست.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا لیوا روکن زافر نەزمی، سەبارەت بە چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاشکرایکرد: "لەماوەی دوو مانگدا 146 کەسمان دەستگیر کردووە، هەڵمانکوتاوەتە سەر چوار هەزار 374 شوێن، دەستمان بەسەر 147 تانکەر و پێنج ملیۆن و 292 هەزار لیتر نەوتدا گرتووە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە ئاماری دیکەشی ئاشکراکرد و رایگەیاند: "373 فەرمانی دەستگیرکردن هەبووە، لە 191 شوێن بازرگانی بە بەرهەمە نەوتییەکان کراوە، 66 شوێنی بەقاچاخبردنی نەوت ئاشکرا کراون، دەست بەسەر 66 ئۆتۆمبێل و 270 کەلوپەلی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا گیراوە".
 
رۆژی 2ـى تشرینى یەکەمى 2022، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، فەرمانیداوە بەدواداچوون بۆ تۆڕەکانى بەقاچاخبردنى نەوت بکات، لەگەڵ جێبەجێکردنى فەرمانەکانى دەستگیرکردن لە دژى ئەو باندانەى کە بە گوتەى ئەو "بوێرییان هەبووە مافى عێراقییەکان بدزن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە