رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسن واژۆ دەکەین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-02-2022 دانا عەبدولکەریم، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ کۆمپانیای دۆیچە بان (deutsche bahn)ی ئەڵمانی، کۆدەبینەوە بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێک بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان.
لە مانگی تەممووزی 2021 شاندێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە سەرۆکایەتیی وەزیر، سەردانی ئەڵمانیای کرد و لەگەڵ دۆیچە بان، کۆمپانیای ناسراوی ئەڵمانیا گەیشتنە سەرەتایەکی هاوبەش بۆ دیزاینکردنی پرۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان.
هەڵسەنگاندنی زانستیی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان نزیکەی 3 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، کە دەبێتە بەردی بناخەی دیزاینکردن و بڕیاردان لەسەر بودجەی پرۆژەکە. هەڵسەنگاندنەکە کەرتی تایبەت دەیکات و بودجەکەشی لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت.
پێشتر دانا عەبدولکەریم بە رووداوی گوتبوو، "حکومەت توانای ئەوەی نییە خەرجیی پرۆژەکە لە ئەستۆ بگرێت، چەند کۆمپانیایەکی ئەوروپی و وڵاتانی کەنداویش ئامادەییان دەربڕیوە کە لایەنی دارایی پرۆژەکە بگرنەئەستۆ، بەڵام حکومەت بەشداریی تێدا دەکات".
درێژی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان 915 کیلۆمەتر دەبێت و قۆناخی یەکەمی، کە دوای هەڵسەنگاندنە زانستییەکە دەکرێت، 620 کیلۆمەتری هێڵە ئاسنینەکە لەخۆدەگرێت و بە سێ قۆناخیش جێبەجێ دەکرێت.
هێڵەکە لە زاخۆوە بۆ گەرمیان دەبێت، دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان بە ئیبراهیم خەلیلەوە دەبەستێتەوە، حکومەت لە پلانیشیدا دەبێت، "هێڵە ئاسنینەکە بە هێڵەکانی تورکیا و ئێرانەوە ببەستێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ