رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا دەڵێت، لە دوایین مانگی پاردا 256 هەزار هەلی کار رەخسێندراون و ژمارەکە زیاتر بووە لەو پێشبینییەی دایاننابوو. لە تەواوی ساڵی رابردووشدا 2.2 ملیۆن هەلی کار رەخسێندراون.
رۆژی هەینی 10-01-2025 وەزارەتی کاری ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە مانگی کانوونی یەکەمی پاردا 256 هەزار هەلی کار رەخسێندراون؛ لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا لەو مانگە 154 هەزار هەلی کار بڕەخسێندرێن.
وەزارەتەکە راشیگەیاند، لە تشرینی دووەمدا 212 هەزار هەلی کار رەخسێندران و بێکاریش لە 4.2٪ـەوە بۆ 4.1٪ دابەزی.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی بووژانەوەی ئابووریی ئەمریکای کرد و گوتی، لە 50 ساڵی رابردوودا بێکاری بۆ کەمترین دابەزیوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کار، ئەمریکا لە تەواوی ساڵی 2024ـدا 2.2 ملیۆن هەلی کاری بۆ هاووڵاتییەکانی رەخساندووە.
لە مانگی کانوونی یەکەمدا تێکڕای مووچەی کارمەندان لە هەر کاژێرێکدا 0.3٪ زیادی کردووە، ئەوەش 3.9٪ بەراورد بە ساڵی 2023 زیاترە.
وەزارەتەکە گوتی، گەشەی کار لە کەرتەکانی تەندروستی، حکومەت و چاودێریی کۆمەڵایەتی زیاتر بووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە 20-01-2025 سوێندی دەستوور دەخوات و دەبێتەوە سەرۆکی ئەمریکا.
ترەمپ بەڵێنی داوە، باجی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان زیاد بکات و خەرجیی حکومەت کەمبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ