تورکیا: رۆژانە 210 مێگاوات کارەبا دەدەینە سووریا

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، رۆژانە 210 مێگاوات کارەبا بۆ سووریا دابین دەکەن. راشیگەیاند دەتوانن لە شەش مانگی داهاتوودا 500 مێگاوات کارەبا بۆ حەلەب دابین بکەن.
 
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا  شەوی پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025 لە پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، رۆژانە 210 مێگاوات کارەبایان لە 7 خاڵی جیاوازەوە بۆ سووریا دابینکردووە و گوتی، "دەتوانین کاربکەین بۆ ئەوەی لە شەش مانگی داهاتوودا دەست بە هەناردەکردنی نزیکەی 500 مێگاوات کارەبا بۆ حەلەب بکەین". 
 
بایراکتار ئاماژەی بەوەی دا دوو شاندیان بۆ دیاریکردنی پێویستی وزە رەوانەی سووریا کردووە و  کار بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان لە سووریا و گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا دەکەن.
 
بایراکتار باسی لەوەشکرد کە تورکیا لە ساڵی 2017 ـەوە کارەبا و سووتەمەنی هەناردەی سووریا دەکەن. ئامانجمان ئەوەیە ئەو 210 مێگاواتە لە مانگی شوباتدا بۆ 300 مێگاوات زیاد بکەن. هەروەها بۆ پاڵپشتیکردن لە ئیدلب و عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەری پلانی کورتخایەن و مامناوەندیان دەبێت.
 
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا گوتی: "ئەو گازە سرووشتییەی کە وێستگەکانی کارەبای حەلەب پێویستییەتی دەتوانین بە بۆری بیگەیێنین.