وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی پشکی هەرێمی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ دیاریکردنی خەرجی و خشتەی جێبەجێکردنی بودجەی 2024 لەڕووی بەکاربردن و وەبەرهێنانەوە، دەشڵێت، "لە دیاریکردنی خشتەی جێبەجێکردنی بودجە بۆ 2024، نرخی نەوت و داهاتی پێشبینیکراو لەبەرچاو دەگیرێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، وەزارەتی نەوتی عێراق، راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی وزاریی تایبەت بە ئامادەکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، بڵاوکردەوە. بەپێی راگەیێندراوەکە لەو کۆبوونەوەیەدا کە محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی کردووە هەریەک لە حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت و شاندی یاوەری، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، جگە لە بریکارانی وەزارەتەکانی پلاندانان و نەوت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە هەردوو وەزارەت و وەزارەتی دارایی ئامادەی بوون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکردنی خشتەکانی بودجەی گشتیی ساڵی 2024 کراوە، لە بوارەکانی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان لە ژێر رۆشنایی بەهای نەوت و ئەو داهاتانەی پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ بەدەست بێت."
 
وەزیری نەوتی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا رژدبوونی حکومەتی لەسەر بەجێگەیاندنی ئەو خشتانەی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیدا هاتوون لە زووترین کاتدا پێشانداوە بۆ ئەوەی بنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران تاوەکو پەسندبکرێت، رەچاوی ئەوەش دەکەن ئەو نەوتەی هەناردەی دەکەن لەنێویشیدا پشکی هەرێمی کوردستان رەچاو دەکرێت، جگە لە پابەندبوونی عێراق بە پشکەکانی بەرهەمهێنانی کە لەلایەن رێکخراوی ئۆپێک پڵەسەوە بۆی دیاری کراوە.
 
هەروەها بایەخی بودجەی باسکردووە کە وادەکات بە خێرایی خشتەکانی خەرجی و داهاتەکانی دارایی تەواو بکرێت، ئەوەشی گوتووە، "وەزارەتی نەوت هەوڵی زۆر دەدات لەپێناو دابینکردنی باشترین دۆخ بۆ گەرەنتیکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و بەدیهێنانی داهاتە گونجاوەکان بۆ دڵنیاییکردنی پارەدارکردنی بودجە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە، وەزارەتەکەیان رژدە لەسەر بەدیهێنانی هاوسەنگی لە بودجە و گەرەنتیکردنی پارەدارکردنی پێویست بۆ دەروازەکانی خەرجیی حاکیمە و سەرەکی، چ لە بواری وەبەرهێنان یان بەگەڕخستن بێت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بواری هەناردەکردنی نەوت وەکو ئەوەی یاسای بودجە دیاریکردووە، پێشانداوە.