رووداو دیجیتاڵ
بەپێی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 پێویستە هەرێمی کوردستان تەواوی زانیارییەکان لەبارەی قەرزەکانی رادەستی بەغدا بکات و لیژنەیەکیش لە ماوەی 90 رۆژ پێداچوونەوە بە زانیارییەکان بکات.
بەپێی دوایین ئامار کە لە 15ی ئەیلوولی 2020 بڵاوکراوەتەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی 28 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرزدارە کە نزیکەی 9 ملیاری تایبەتە بە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران. هەرێمی کوردستان بەغدا بە هۆکاری کەڵەکەبوونی قەرزەکانی لە قەڵەم دەدات بەهۆی نەناردنی بودجە.
لەبارەی قەرزەکانەوە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو: حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ملیار دۆلار قەرز و باپەندی دارایی لە سەرە، بەشێکی زۆری ئەو قەرزانە لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە، بەهۆی نەناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتەکانی پێشووی عێراق.
حەسەن جەنابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی نیوڕۆژ کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکاتە رایگەیاند: "گوتمان رێگەنادەین یەک دیناریش بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، ئەگەر هەرێم هەموو داهاتە فیدراڵییەکان رادەست نەکات بەپێی دەستوور، پێویستە دادپەروەری هەبێت لە دابەشکردنی سەروەتەکان لە عێراق، نابێت هیچ تایبەتمەندییەک هەبێت، هەموو پارێزگاکانی عێراق کاتێک داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان رادەست دەکەن، دواتر ئەو سەروەتە بەپێی ژمارەی دانیشتووان لەسەر هەموو پارێزگاکان دابەش دەکرێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە نەوت هەناردە دەکات و یەک بەرمیلیشی ناداتە بەغدا".
قەرزی کەڵەکەبووی سەر هەرێمی کوردستان کە 28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار و 39 دۆلارە، بڕگەیەکی دیاری ماددەی تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ـی عێراق.
لە پرۆژەیاساکەدا هاتووە، دەبێ هەرێمی کوردستان هەموو زانیارییەک لەبارەی قەرزەکانی رادەستی عێراق بکات، دواتر لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوولا بەو زانیارییانە دەچێتەوە، لە رۆشنایی ئەوە و پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە رۆژانە رادەستکردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی نانەوتی، وەزارەتی دارایی عێراق قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەداتەوە.
محەممەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەرێمی کوردستان بە هیچ جۆرێک پێویستی بەوە نییە قەرز وەربگرێت، ئەمانە دوو جۆرن: هەندێکیان ئیلتیزاماتن وەکو مووچە هەندێکیشیان قەرزی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانە، بەشێکیشیان قەرزی ناوخۆیە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەچەند جۆرێک قەرزەکە بداتەوە بەگوێرەی ئەو پشکەی لە بودجەی عێراق بۆی دیاریکراوە".
قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان تاوەکو 15/9/2020
7 ملیار و 256 ملیۆن و 283 هەزار و 646 دۆلار، کۆی قەرزە دەرەکی و ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانە.
8 ملیار و 337 ملیۆن و 989 هەزار و 532 دۆلار، کۆی پابەندە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە
8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514 دۆلار، پابەندی دارایی تایبەتە بە پاشەکەوتی مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان
3 ملیار و 916 ملیۆن و 245 هەزار و 347 دۆلار، قەرزەکانی بانکی بازرگانی عێراق و بانکی نێودەوڵەتی کوردستانن، لەسەر هەرێمی کوردستان
28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار و 39 دۆلار، کۆی قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ