چاودێریی دارایی عێراق: بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 80٪ی تێپەڕاندووە
رووداو دیجیتاڵ
دیوانی چاودێریی دارایی عێراق رایگەیاند، بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 80٪ی تەواو بووە. سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان لەبارەی هەمواری یاسای بودجە داوای روونکردنەوە لە وەزارەتی دارایی دەکات.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی فیدراڵی سێ ساڵە، مادەی 12/دووەم/ جیم، کە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دوێنێ یەکشەممە، 08-12-2024 میوانداری عەمار سوبحی خەلەف، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و بەرپرسانی دیوانەکەی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی لێژنەکە کە ئەمڕۆ دووشەممە، 09-12-2024 بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی رایگەیاندووە لیژنەکەیان سوورە لەسەر ئەوەی هەموارەکە بە شێوەیەک پەسندبکرێت کە واقعییانە و بتوانرێت جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی لەسەر دۆسیەی نەوت کۆتایی بە ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتیی هەرێمی کوردستان بێت.
عەتوان عەتوانی، تەواوکردنی کارەکانی لیژنەی دارایی بۆ هەموارەکە گرێدا بە ئامادەبوونی وەزارەتی دارایی کە دەبێت روونکردنەوە بدات لەبارەی پاڵپشتی دارایی بۆ خەرجکردنی شایستەی دارایی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، خشتەی شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو.
عەمار خەلەف گوتی: "ئەو شایستەیە لە راپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی دۆکیۆمێنت کراوە، لەگەڵ ئاماژەدان بە تێبینیەکان تایبەت بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە حکومەتی فیدراڵی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە."
خەلەف راشیگەیاند، رێککەوتن لەسەر ئەو بنەمایەی، کە هەموارە نوێیەکە پشتی پێدەبەستێت "باشە" و دەکرێت جێبەجێ بکرێت لەگەڵ ئەوەی پێویستە ئەو تێبینیانەی ئاماژەیان پێدا چارەسەر بکرێن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی لیژنەی دارایی، لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکەی دیوانی چاودێریی دارایی رێکارەکانی بەجێکردن (تەوتین)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان خستووەتەڕوو رایگەیاندووە: "رێژەی بەجێکردن (تەوتین) 80٪ تێپەڕاندووە لەو بانکانەی کە بانکی ناوەندیی پشتیان پێدەبەستێت، لەگەڵ ئەوەی کۆتایی ئەم ساڵ وەک دوایین وادە دیاریکراوە، بۆ تەواوکردنی کارتی بایۆمەتری، ئەوەش بۆ ئەوەی گەرەنتی چارەسەرکردنی کێشەی دوو مووچەیی بکرێت."