رووداو دیجیتاڵ
فاتیح دۆنمەز، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دۆزینەوەی بڕێکی زۆر نەوتی لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان راگەیاند.
فاتیح دۆنمەز، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند: "کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت، کار و چالاکییەکانی فراوانتر کردوون بۆ دۆزینەوەی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان. لە چیای گابار لە سنووری پارێزگای شرناخ بڕێکی بەرچاو یەدەگی نەوت دۆزرایەوە. ئێستا رۆژانە نزیکەی 5000 بەرمیل نەوت دەردەهێندرێت".
فاتیح دۆنمەز گوتیشی: "دەیبینن ئەمە یەکێک دەبێت لە گەورەترین هەوڵەکانی دۆزینەوەی نەوت، بەڵام پێویستمان بە کاتی زیاترە. لە یەک تاوەکو دوو ساڵی داهاتوودا دەگەینە ئاستێک کە رۆژانە نزیکەی 100 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنین".
شرناخ یەکێکە لەو پارێزگایانەی باکووری کوردستان کە ماوەی چەند ساڵێکە تورکیا لە هەوڵی دۆزینەوەی نەوتدایە تێیدا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەر ئێستا رۆژانە نزیکەی 5000 بەرمیل نەوت لە سنووری شرناخ دەردەهێندرێت و دەنێردرێتە پارێزگای ئیلێهـ لە باکووری کوردستان بە مەبەستی پاڵاوتەکردنی.
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە وردەکاریی زیاتر لەوبارەوە رابگەیێنێت.
ئەو یەدەگی نەوتە لە هەشت بیری هەڵکەندراو لە رێگەی چیای گابار لە گوندی ئاکچای لە نزیک چیای جوودی دۆزراوەتەوە؛ هەروەها کار لەسەر شەش بیری دیکە لە هەمان ناوچەدا دەکرێت.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.
لە ساڵی 2015دا یەدەگی نەوتی خاوی بەرهەمهێندراو لە تورکیا بە 334.5 ملیۆن بەرمیل هەژمار کراوە. بەپێی توانای بەرهەمهێنانی ئێستا، تەمەنی یەدەگەکان 19 ساڵە.
تورکیا لە ساڵی 2015دا 51 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەرهەمهێناوە، لە بەرامبەردا 796 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەکارهێناوە. لە ساڵی 2015دا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ناوخۆدا بە رێژەی 6.4%ی پێویستیی ناوخۆی دابینکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ