یەکەم کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت

09-12-2020
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
نیشانەکردن شاندی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و یەکەم کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت. پێویستە شاندەکە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بگەنە رێککەوتن و پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق جێگیر بکەن.
 
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 9-12-2020 بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بگاتە بەغدا و بۆ ئێوارەش دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن و یەکەم کۆبوونەوەشیان بڕیارە لەگەڵ وەزارەتی دارایی بێت، "بە تایبەت وەزیری دارایی و ئەو لیژنەیەی سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ن".
 
دوێنێ سێشەممە 8-12-2020 "دوو کۆبوونەوەی گرنگ" لە بەغدا بەڕێوەچوون، کۆبوونەوەی یەکەمیان لەسەر ئاستی نوێنەری حیزب و سەرکردەی حیزبەکان بوو لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، دواتر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی رێکخرا. 

 

 
 
پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، "دەکرێت بڵێین هەردوو کۆبوونەوەکە گرێردراوی یەکدی بوون، چونکە بابەتی سەرەکی نێو کۆبوونەوەکە مەسەلەی پرۆژەیاسای بودجە و قەیرانی دارایی بوو". هاوکات لە کۆبونەوەکەدا جارێکی دیکە باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە کراوەتەوە و ئەوە دووپاتکراوەتەوە کە حکومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی لە مانگی 6ی 2021 هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام بدرێت.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵەکانی بەگەڕخستووە و دەیەوێت بەر لەوەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات، رەزامەندی لایەنەکان بەدەست بهێنێت، بۆ ئەوەی کاتێک کە پرۆژە یاساکە دەگاتە پەرلەمان بە ئاسانی تێپەڕێندرێت، "چونکە ئەزموونی ساڵانی رابردوو پێمان دەڵێت، ئەگەر بێت و پێشتر رێککەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەکان نەکرێت، ئەستەمە وا بە ئاسانی پرۆژە یاسای بودجە لەنێو پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕێندرێت".
 
شاندی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە دەچنە بەغدا بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لەو پرۆژە یاسایەدا جێ بکەنەوە، دەبوو لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیاسای بودجە پەسندکرابووایە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان حکومەتی عێراق چاوەڕێی شاندی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ ئەوەی لە بەغدا قسە لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان بکەن لە بەرامبەر پابەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
بڕیارە لە یەک بۆ دوو رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێکبخرێت و لە کۆبوونەوەکەدا بەفەرمی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 پەسند بکرێت، بۆیە پێویستە لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بگاتە رێککەوتن بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکەدا دابنرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، تاوەکو ئێستا پشکی دەستنیشانکراوی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجە 12.67٪ـە.
 
دوێنێ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە گفتوگۆی بودجە لەگەڵ حکومەتی عێراق، لێکتێگەیشتنی "زۆر باش" بەدەستهاتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.