ژووری بازرگانیی هەولێر: زۆربەی پارێزگاکانی عێراق لەڕووی بازرگانییەوە پشت بە هەرێمی کوردستان دەبەستن

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێناس ساڵح
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر دەڵێت، هیچ کێشەیەک بۆ بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دروست نەبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "زۆربەی پارێزگاکانی عێراق بۆ بازرگانیکردن پشت بە هەرێمی کوردستان دەبەستن."
 
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 09-10-2024 میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکەشی دەکات و گوتی، "هیچ کێشەیەک بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان نەهاتووەتە پێش، هەروەک دیارە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان دوورە لە پشکی شەڕەوە."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر گوتیشی، "هەرێمی کوردستان بەتایبەت هەولێر وەک ناوەندێکی بازرگانییە بۆ عێراق و زۆربەی کۆمپانیا گەورەکان لقی سەرەکیان لە هەولێر هەیە."
 
بەپێی ئاماری دەستەی بازرگانیی تورکیا، ئەو وڵاتە ساڵی 2023 بایی 12 ملیار و 786 ملیۆن دۆلار هەناردەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە کە 80%ـی بازرگانییەکە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بووە.
 
گەیلان حاجی سەعید ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی تورکیایە لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر لە بارەی کاریگەری دابەزینی نرخی دینار لەسەر کاڵا و خۆراک لە بازاڕەکان گوتی، "بازرگانان لە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی دۆلار وەردەگرن؛ بۆیە دابەزینی بەهای دینار کاریگەری لەسەر نرخ لە بازاڕدا نابێت، تەنیا ئەو کاڵایانە نەبێت کە بازرگان ناتوانن دۆلاریان بە نرخی فەرمی بۆ وەربگرن."
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر دۆخێکی نەخوازراو نرخی مادە خۆراکییەکان بەرز نەبێتەوە.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عیراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی بازرگانی ئامادەکاری کردووە و کۆگای خۆراکی بۆ هەر قەیرانێکی لەناکاو ئامادەکردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە