نرخی نەوت بە رێژەی زیاتر لە 4٪ دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەهۆی ئەگەری ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان و غەززە، ئەمڕۆ چوارشەممە بەردەوامیدا بە دابەزینەکانی. نرخی نەوتی برێنت 40 سەنتی دیکە دابەزی و یەک بەرمیل بە 77 دۆلار و 94 سەنت، مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 50 سەنت دابەزی و بەرمیلێک بە 74 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دوێنێ سێشەممە بەهۆی ئەگەری ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حیزبوڵڵا، نرخی نەوت بە رێژەی 4٪ بەهای خۆی لە دەستدا.
جۆن کیلدۆڤ، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای راوێژکاری (ئێگەین کاپیتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی نەوت و بازاڕی نەوت زۆر هەستیاربووە بە هێدلاین و هەوڵەکان".
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە بەهۆی ئەوەی کە بنەماکانی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لاوازە، ئەگەر بێت و مەترسییە جیۆسیاسییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەم ببنەوە، "دەبنە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت".
فیل فلین، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (پرایس فیوچەرز گرووپ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "حیزبوڵڵا ئامادەیی خۆی بۆ ئاگربەست پێشانداوە، ئەوە دەتوانێت کاریگەری گەورە لەسەر بازاڕی نەوت دروستبکات".
فلین هەروەها دەڵێت، لەبەر هەستیاری بازاڕی نەوت بە هەواڵەکان، پێشبینی دەکات نرخەکانی نەوت لە چەند رۆژی داهاتوودا زۆر ناجێگیر بن.