وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان: عێراق بڕیاری دا هاوردەکردنی تەماتە قەدەخە بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دا، بڕیاردرا پاڵپشتیی بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئەیلوولی 2024 وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لەسەر پێداگریی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقی لە هەرێمی کوردستان، بە رەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتیی جووتیاران، لەدوای دانوستاندن و گفتوگۆیەکی چڕ، بڕیار درا پاڵپشتیی جووتیاران و بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت."
 
دوێنێ یەکشەممە  08-09-2024 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، "بڕیاردراوە عێراق تەماتە لە دەرەوە هاوردە نەکات و دەروازەکان بەڕووی هاوردەکردنەوە دادەخرێت. ئەمەیش دەرفەتێکی زێڕین و گرنگە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان."
 
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەمە بە دەمەوەچوونی داواکاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی جووتیارانە و بەتایبەت جووتیارانی ناوچەی پێنجوین، سیدەکان، دەشتەکانی هەولێر و دهۆک. کە لە ئێستادا بەرهەمەکانیان پێگەیشتووە و کێشەی بەبازاڕکردنیان هەیە. لەمەودوا کێشەکانیان چارەسەرکرا و بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بازاڕەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق."
 
دوێنێ لە کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان دا، لەسەر چەند بابەتێک گفتوگۆ کرا. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەسەر هەندێک بابەت بەشێوەی بنەمایی رێککەوتن کراوە و لەسەر هەندێکی دیکە گفتوگۆ بەردەوامن. ئەم بڕیارەی ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستانیش زادەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆن.