کۆمپانیای گووگڵ بە تۆمەتی قۆرخکاری لە رێکلامی دیجیتاڵی دا دادگایی دەکرێت

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی ئەیلوولی 2024 گەورە کۆمپانیای تەکنۆلۆجی ئەمریکی، گووگڵ، بۆ دووەم جار لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵ دا بەتۆمەتی قۆرخکاری دادگایی دەکرێت.
 
حکومەتی ئەمریکا کۆمپانیای گووگڵی تۆمەتبار کردووە بە قۆرخکاری و نەهێشتنی رکابەری. وەزارەتی دادی ئەمریکا سکاڵای لەسەر کۆمپانیای گووگڵ تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی لە رێگەی دانانی رێکلام لە ماڵپەڕەکانی دیکەدا لەنێویاندا ماڵپەڕی میدیا هەواڵییەکان، رووحی رکابەریی کوشتووە، بەوپێیەش لە بازاڕی رێکلام دا قۆرخکاری دەکات.
 
لە سکاڵاکەی وەزارەتی دادی ئەمریکادا هاتووە، کۆمپانیای گووگڵ هەر هەڕەشەیەک ببینێت کە زیان بە بازاڕی رێکلامی دیجیتاڵیی کۆمپانیاکە بگەیێنێت، یەکسەر لایدەدات، یان بلۆکی دەکات.
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا هەروەها دەڵێت، کۆمپانیای گووگڵ بەهۆی دەسەڵاتە زۆرە داراییەکەی، هەر کۆمپانیایەک کە بزانێت دەبێتە رکابەری، دەیکڕێت یان پەراوێزی دەخات، بەوشێوەیە ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی کە دەیانەوێت رێکلام بکەن ناچار دەبن تەنیا تەکنۆلۆجیای گووگڵ بۆ رێکلامکردن بەکاربهێنن.
 
کۆمپانیای گووگڵ هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە. دانیشتنی دادگایکردنی گووگڵ لە دادگای فیدراڵی لە واشنتن بەڕێوەدەچێت و بە دانیشتنێکی گرنگ و مێژوویی دەناسرێت بەوپێیەی دەتوانێت کاریگەری گەورە بکاتە سەر رێکلامی دیجیتاڵی لەلایەن کۆمپانیا تەکنۆلۆجییەکانەوە.
 
مانگی رابردوو، دادگایەکی دیکە لە ئەمریکا کۆمپانیای گووگڵی تۆمەتبارکرد کە بەشی گەڕانی کۆمپانیای گووگڵ، بازرگانییەکی نایاساییە و بە قۆرخکاری تۆمەتباری کرد.
 
کەیسە یاساییەکەی ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاو چەند ویلایەتێکەوە لە دژی بازرگانی رێکلامی دیجیتاڵیی گووگڵ بەرزکراوەتەوە بۆ دادگا.
 
سکاڵاکە زیاتر لەسەر ئەوەیە کە گووگڵ لە کاری رێکلام دا، کۆمەڵێک رێوشوێنی هەیە کە پێگەی کۆمپانیاکەی لەو بواردە لە ئاستێکی جیهانی هێندەدا چەسپاندووە کە هیچ کۆمپانیایەکی دیکە ناتوانێت رکابەری لەگەڵ دا بکات.
 
لە ئەمریکا چەندین یاسای وەک (یاسای ساڵی 1890ـی دژە قۆرخکاری) و (یاسای ساڵی 1914 ی کڵایتن) و (یاسای ساڵی 1914 ی کۆمسیۆنی فیدراڵیی بازرگانی) هەن کە رێگە دەگرن لە قۆرخکاریی بازاڕ و تاکڕەویی کۆمپانیاکان لە بازاڕدا.
 
سەروەری لە گەڕانی ئینتەرنێتی دا
 
لە ئەمریکا و زۆربەی ناوچەکانی دیکەی جیهان، کۆمپانیای گووگڵ 90٪ـی کاری گەڕانی ئینتەرنێتی کۆنترۆڵکردووە. حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، گووگڵ ئەمەی لە رێگەی پێدانی پارە بە کۆمپانیاکانی دیکە کردووە. بۆ نموونە، پارە دەداتە کۆمپانیای ئەپڵ کە گەڕانی گووگڵ بخاتە سەر رووی سەرەکیی تەلەفۆن و ئامێرەکانی و، کاتێک بەکاربەرێک بەدوای شتێک دا دەگەڕێت یان بەدوای وشەیەک دا دەگەڕێت، بە شێوازی خۆکار ئامێرەکانی ئەپڵ دەیبەنە لاپەڕەی سەرەکیی گووگڵ.
 
حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، ئەو کارەی گووگڵ دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی پێگەی گەڕانی کۆمپانیاکانی دیکەی وەک (بینگ) و (داک داک گەو) نەتوانن شان لە شانی گووگڵ بدەن.
 
کاری رێکلام
 
قازانجی زۆری کۆمپانیای گووگڵ بەتەنیا بەهۆی گەڕانی ئینتەرنێتی کۆمپانیاکە نییە. حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، کۆمپانیای گووگڵ بازاڕی رێکلامی دیجیتاڵی قۆرخکردووە بەهۆی ئەوەی هەردوو لایەنی فرۆشیار و کڕیاری کۆنترۆڵکردووە لە ریگەی پلاتفۆرمەکانی وەک ( گووگڵ ئەدز) و ( دەبڵ کلیک). رکابەرانی کۆمپانیای گووگڵ لە بازاڕی رێکلامی دیجیتاڵی دا دەڵێن، کۆمپانیای گووگڵ لە ریگەی ئەو دوو پلاتفۆرمەوە، دەسەڵاتی رەهای لەڕووی دانانی نرخ و دەستکاریکردنی نرخەکان بە ویستی خۆی هەیە و ناتوانن بکەونە رکابەرییەوە لەگەڵ کۆمپانیاکە.
 
دەسەڵاتی قۆرخکاریانە 
 
یەکێک لە گرنگترین بەشی سکاڵای وەزارەتی دادی ئەمریکا، پەیوەستە بە رێککەوتنی نێوان کۆمپانیای گووگڵ و کۆمپانیای ئەپڵ.
 
کۆمپانیای ئەپڵ سەرەتا بزوێنەری بەدواداگەڕانی سەر ئامێرەکانی، لەسەر گەڕانی گووگڵ دانەنابوو و ویستی بژاردەکە بداتە دەستی بەکاربەران کە بۆ نموونە گووگڵ یان یاهوو یان هەر سێرچێکی دیکەیان دەوێت بەکاری بێنن، بەڵام کۆمپانیای گووگڵ هەڕەشەی کرد، ئەگەر سێرچی گووگڵ نەکاتە سێرچی سەرەکی، ئەوا گووگڵ رێککەوتنی نێوانیان بۆ هاوبەشکردنی داهات هەڵدەوەشێنێتەوە.
 
مەزەندە دەکرێت کۆمپانیای گووگڵ ساڵانە بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوانیان هەیە، نزیکەی 9 ملیار دۆلار تاوەکو 12 ملیار دۆلار بداتە کۆمپانیای ئەپڵ. بەتەنیا لە ساڵی 2022 دا کۆمپانیای گووگڵ بۆ ئەو مەبەستە 18 ملیار دۆلاری دایە کۆمپانیای ئەپڵ.
 
کۆمپانیای ئەپڵ تاکە کۆمپانیا نییە کە ساڵانە پارە لە کۆمپانیای گووگڵ وەردەگرێت. کۆمپانیای سامسۆنگیش کە کار بە سیستمی ئەندرۆید دەکات ساڵانە لەنێوان 3 ملیار تاوەکو 5 ملیار دۆلار لە گووگڵ وەردەگرێت بەهۆی ئەوەی ئامیرەکانی سامسۆنگیش گەڕانی گووگڵیان کردووەتە گەڕانی سەرەکی.
 
ئەگەرەکان بۆ بڕیاری دادگا
 
ئەگەر وەزارەتی دادی ئەمریکا سەرکەوت لە سەلماندنی تۆمەتەکان بەسەر کۆمپانیای گووگڵ دا، ئەگەری هەیە کۆمپانیا گووگڵ ناچاربێت بەشی بازرگانی دیجیتاڵی خۆی دابەش بکاتە سەر چەندین یەکەی جیاواز. ئەگەریش هەیە دادگا بڕیار بدات رێککەوتنە قۆرخکارییەکانی نێوان کۆمپانیای گووگڵ و کۆمپانیاکانی دیکەی تەکنۆلۆجیا کۆتاییان پێ بێت. ئەمە بوار دەرەخسێنێت کۆمپانیاکانی دیکەی تەکنۆلۆجیا کە هێندەی گوگوڵ گەورە نین، بتوانن لە بواری رێکلام دا، رکابەری لەگەڵ کۆمپانیای گووگڵ دا بکەن.
 
کاردانەوەی دانیشتنی دادگا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەمریکا
 
بڕیاری دادگا هەرچییەک بێت دەتوانێت سیما و بازاڕی رێکلامی دیجیتاڵی بگۆڕێت. بریارەکەی دادگا دەتوانێت لە پانتاییەکی بەرفراوانی جوگرافی دا رێگری بکات لە قۆرخکاری و رێککەوتنی دوو لایەنەی کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنۆلۆجیا. بڕیارەکە هەروەها دەتوانێت کۆمەڵێک کەیسی دیکەی یاسایی لە وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی لە یەکێتی ئەورووپا لە بواری رێکلام، کۆمپانیا میدیاییەکانی ئەورووپا، پاراستنی زانیاری تاکەکەسی و بژاردەی بەکاربەران بجوڵێنێت.
 
یەکێتیی ئەورووپا لە مانگی 11ی ساڵی 2022 یەکەم یاسای بۆ رێکخستنی کەرتی تەکنۆلۆجیا و دیجیتاڵ پەسندکرد و بە (یاسای خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی ئەورووپا) ناسراوە.
بەپێی ئەو یاسایە، بەکارهێنانی داتا و زانیاری تاکەکەسی بەکاربەران بە مەبەستی کەڵک وەرگرتن لە کاری رێکلام بەبێ رەزامەندی بەکاربەران نایاساییە.
 
کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنۆلۆجی ئەمریکی وەک مێتا و ئامازۆن لەلایەن یەکێتی ئەورووپا چەندین جار بەهۆی قۆرخکاری و بەکاربردنی نایاسایی زانیاریی تاکەکەسی بەکاربەرانەوە، سزادراون.
 
قەباری بازاڕی رێکلامی دیجیتاڵی لە 2024 دا
 
لە ساڵی 2024 دا قەبارەی بازاڕی رێکلامی دیجیتاڵی بەرزبووەوەتەوە بۆ 700 ملیار دۆلار. بەراورد بە ساڵی 2023 کە قەبارەی رێکلامی دیجیتاڵی 630 ملیار دۆلار بووە، ئەو بازاڕە ئەم ساڵ بە رێژەی 11٪ بەرزبووەتەوە.
 
خەڵکی جیهان کاتی خۆیان لە 2024 زیاتر بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان کردووە و ئەوەش خواستی بۆ رێکلامی دیجیتاڵی زیاتر کردووە. بەرزبوونەوەی قەبارەی بازرگانیی ئۆنلاینیش یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی قەبارەی بازاڕی رێکلامی دیجیتاڵییە لە 2024 دا.
 
قۆرخکاری و کۆنترۆڵکردنی بازاڕی رێکلامی دیجیتاڵی لەلایەن گەورە کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیای جیهان زیان بە میدیاکان لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە دەگەیێنن.
 
بەپێی بەڕێوبەری هەندێ لە میدیاکان، "کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنۆلۆجیا لەڕێگەی گەڕانی ئەلیکترۆنی نەک تەنیا نێوەڕۆک و بەرهەمی دەزگا هەواڵی و میدیاییەکان دەبەن، بەڵکو لەگەڵ ئەوەدا ئەو کڕیار و کۆمپانیا گەورە و بچووکانەش دەبەن کە رێکلامیان لەلای ئەوان دەکرد. ئەمە کار لە ئازادی راگەیاندن دەکات. ئازادی راگەیاندنیش داینامۆی دیموکراسی و چاودێریی دەسەڵاتە. کەواتە ئەمە تەنیا سوودوەرگرتن نییە لە بەرهەمی دەزگا و کۆمپانیای دیکە، بەڵکو بەرپرسیاریێتی لاوازبوونی ئازادی و دیموکراسیش دەخاتە سەر شانی ئەم کۆمپانیا گەورانە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە