ناکۆکیە سیاسیەکان خەریکە لێکترازان لە ناو G20 دروستدەکات

09-09-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن G20 ئابووری
A+ A-
عومەر ئەحمەد

پاش قەیرانەکانی ئابووری ساڵی ١٩٧١ کە بەهۆی سیستەمی برێتون وود و رێژەی ئاڵوگوێری دراو بە شێوازێکی نەگۆڕو بەستنەوەی بە نرخی زێرەوە روویدا و هەروەها قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ساڵی ١٩٧٣، پێویستی بە رێکخستن و هاوکاری ئاست بەرزی ئابووری و دارایی نێوان وڵاتانی زلهێز لە هەمووکات زۆرتر بەدی دەکرا.

وەزیرانی دارایی وڵاتە کلیدییەکان، دەسپێشخەرییەکەیان دەستپێکرد و لە مانگی مارسی ساڵی ١٩٧٣، وەزیرانی دارایی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریکا "گرووپی کتێبخانە"یان پێکهێنا. لەبەر ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەیان لە کتێبخانەی کۆشکی سپی ئەنجام دا، ئەو ناوەیان بۆ گرووپەکە هەڵبژارد.

لە مانگی سیپتەمبێری هەمان ساڵ، ئەو گرووپە چاویان کەوت بە وەزیری دارایی ژاپۆن و گروپی پێنج، G5 یان دانا کە ناوبەناو بۆ ماوەی ١٠ ساڵ کۆدەبوونەوە.

لە ساڵی ١٩٧٤ والێری گیسکارد، سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنسا سەرۆکی ئیتالیاشی بۆ ئەو کۆبونەوانە داوەت کرد. لە ساڵی ١٩٧٦ یش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جیاتی ئیتالیا کە لە لایەن فەەنساوە داوەتکرابوو، کەنەدای وەک ئەندامی نوێ پێشنیازکرد و بەو پێیە G5 بووبە G7 و بە گشتی ٣٦ جار کۆبوونەوە.

هەر لە ساڵی ١٩٩٠ ەوە رووسیا لە چەند کۆبوونەوەیەکی G7 بەشداری دەکرد تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٩٧ بە رەسمی بوو بە ئەندامی ئەو گرووپە. بەو پێیەش ئەو گرووپە بوو بە G8.

G8 نوێنەری ئابوورییە بەهیزەکانی جیهان بوون لەو سەردەمەداو جگە لە رووسیا وڵاتانی دیکەی ناو ئەو گرووپە لایەنگری سیاسەتی ئەمریکا بوون.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٠ ، چەندین قەیران لە ئەمریکای لاتین و ئاسیا درووستبوون و وای لە G8 کرد کە لەوە بیربکەنەوە کە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان زۆر بە خاوی هاتوونەتە ناو ئابووری جیهان.

هەربۆیە سەرکردەکان و وەزیرانی دارایی ئەو وڵاتانە، هەر لە ساڵی ١٩٨٦ ەوە کۆبوونەوەو دانوستانیان لەگەڵ G8 سازدەکرد.

کۆبوونەوەکانیش زۆرتر سەبارەت بوون بە لایەنە تەکنیکیەکانی پەیوەست بە گەشەی ئابووری، سەقامگیری و هەڵئاوسان و بەرزو نزمبوونەوەی دراوەکان.

بە دەسپێشخەری پاول مارتین، وەزیری دارایی کەنەداو و لۆرەنس سامێر، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، پێشنیازکرا کۆمەڵێک لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بتوانن بێنە ناو G8.

پاش ٤ کۆبوونەوەی سەرەتایی لە ساڵەکانی ١٩٩٨ و ١٩٩٩ کە گرووپێکی بەرفراون لە ٢٢ و ٣٣ وڵات تیایدا بەشداربوون، لە مانگی دیسەمبەری ١٩٩٩ بریار درا بە دامەزرانی G20 کە پێکهاتبوون لە وڵاتانی G8 و هێزە ناوچەییەکان و یەکێتی ئەورووپا.

لەساڵەکانی داهاتوودا ئەندامانی گرووپی بیست گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە گەورەکردنی ئەو گرووپە کارێکی درووست بووە، چونکە رێگەخۆشکەر بووە بۆ کردنەوەی دیاڵۆگێکی بەرفراوانی سەرتاسەری سەبارەت بە پرسە گرینگەکانی پەیوەست بە ئابووری جیهان.

ئێستا مەکۆی G20 وەزیرانی دارایی و سەرۆکی بانکەکانی 19 وڵات و ئەنجومەنی یەکێتی ئەورووپا بەیەک دەگەیەنێت. ئەندامانی G20 بریتین لە ئەرجەنتین، ئۆستراڵیا، برازیل، کەنەدا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان، ئەندۆنزیا، ئیتالیا، ژاپۆن، کوریای باشور، مەکزیک، رووسیا، عەرەبستان، ئەفریقای باشوور، تورکیا، بەریتانیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا.

G20 ، بووەتە مەکۆی سەرەکی هاوکاری نێودەوڵەتی لەسەر پرسە گرینگەکانی ئابووری و دارایی جیهان وئامانجەکانی بریتین لە:
رێکخستنی سیاسی لە نێوان ئەندامەکانیدا بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و پێشکەوتنی ئابووری
دانانی یاساو ریسای گونجاو بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکان و رووبەرووبوونەوەی قەیرانەکان لە داهاتوودا
نۆژەنکردنەوەی ستراکتۆری نێودەوڵەتی دارایی

G20  ئێستا ئەوەندە گەورە بووە کە ٩٠% ی هەموو داهاتی جیهان و 80% ی بازرگانی جیهان دەگەرێتەوە بۆ وڵاتانی ناو ئەو گرووپە.

سەرەرای ئەوەی کە ئەجیندای سەرەکی کۆبوونەوەکانی گرووپی بیست پرسە ئابووری و داراییەکانە، بەڵام بازنەیەکی گەورە لە پرسەکانی وەک ئاسایش و پەرەپێدان و ژینگە لەو کۆبوونەوانەدا باس دەکرێن. هەرکات سەرکردەکانی G20 کۆبوونەتەوە، خۆیان سنووردارنەکردووە بە ئەجیندای کۆبوونەکەو هەر پرسێک بەلایانەوە لەو کات وساتەدا گرینگ بوبێت تاوتۆێان کردووە.

لە دوایین کۆبونەوەی گروپی بیست کە لە رۆژانی ٥ و ٦ ی ئەم مانگە لە سان پیترۆسبورگی روسیا بەرێوەچوو، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هۆی بەکاربردنی چەکی کیمیایی دژ بە هاوڵاتیان لەلایەن رژیمی بەشار ئەسەدەوە، داوای پاڵپشتی ئەندامانی G20 ی کرد لە هێرشی سەربازی بۆ سەر سووریا و ئەوەش بووە هۆی دابەشبوونی G20 بەسەر دوو جەمسەری رۆژهەڵات بە سەرکردایەتی رووسیا و رۆژئاوا بەسەرکردایەتی ئەمریکا.

وادیارە پرسە ئابورییەکانی جیهان هۆکاری سەرەکی پێکهێنانی گرووپی بەهێزی ئابووری G20 بووە بە درێژایی ٣٠ ساڵی رابردوو، بەڵام ناکۆکیە سیاسیەکان خەریکە وردە وردە لیکترازان لە ناو ئەو گرووپە درووستدەکات.

سیستەمی برێتون وود، سیستەمێکی بەرێوەبردنی سیاسەتی دراوە کە بە ئامانجی رێکخستنی پەیوەندیە داراییەکانی نێوان وڵاتە پیشەییەکان لە ناوەراستی پەنجاکاندا پەیرەوی دەکرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە