بانکی FIB بۆ یەکەمجار لە عێراق خزمەتگوزاریی ڤیزا دایرێکت رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین بانکی دیجیتاڵی عێراق (FIB) رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە بازاڕی عێراقدا خزمەتگوزاریی ڤیزا دایرێکت [ڤیزای راستەوخۆ] بەردەست دەخات، کە خزمەتگوزارییەکە ناردن و وەرگرتنی پارە لەنێوان تاکەکان لەسەر ئاستی نێوخۆ و جیهان ئاساندەکات.
FIB لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، بە هاوبەشی لەگەڵ ڤیزا کە پێشەنگی جیهانە لە بواری پارەدانی دیجیتاڵیدا، ڤیزە دایرێکت پێشکێشدەکەن و لە رێگەی ئەو خزمەتگوزارییەوە بەکارهێنەرانی عێراقی دەتوانن لە رێگەیەوە پارە بنێرن و وەربگرن.
ڤیزا دایرێکت خزمەتگوزارییەکی پارەدانە، لەلایەن ڤیزەوە پێشکەش دەکرێت و رێگە دەدات راستەوخۆ پارە بۆ کارتی بانکیی ڤیزە یان کارتی بانکیی شایستەی وەرگر، بنێردرێت، ئەوەش بە بەکارهێنانی ژمارەی کارتی ڤیزەی وەرگر، کە ژمارەیەکی 16 رەنووسییە.
کاوە جونەید، دامەزرێنەری FIB لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێ "شانازی دەکەین بە پێشکێشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەوتووە بە کڕیارەکانمان لە عێراق و، پێمانوایە ئەمە دەبێتە هۆی باشترکردنی دەستڕاگەیشتنێکی دارایی بەرپرسیارانە لە بازاڕی عێراقدا."
بانکەکە دەڵێت، بە تێکەڵکردنی باشترین داهێنانی دارایی و تەکنەلۆژی لەگەڵ ژێرخانی جیهانی بێهاوتای ڤیزا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، FIB پشتگیریی یەکگرتن و نزیکبوونەوەی زیاتری عێراق دەکات لەگەڵ بازاڕە جیهانییەکاندا.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا یەکەمین بانکی دیجیتاڵی عێراق دەڵێت، شانازی بە ناوبانگ و پلەی بەرزی خۆیەوە دەکات کە دژی سپیکردنەوەی پارە و بەرەنگاربوونەوەی پارەدارکردن و پرۆسەکانی تیرۆریستی بووەتەوە و دەیەوێت هەوڵەکانی لە بازاڕدا 'بێهاوتا' بن.
جونەید باس لەوە دەکات، "ئێمە پابەندین بە بەرزترین ستانداردەکانی رووبەڕووبوونەوەی پارەدارکردنی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە و پابەندبوون بە سزاکان [ـی سەر ئەو تاوانانە]."
دامەزرێنەری FIB دەشڵێت، "ئێمە ئەم هەوڵانەمان لە هەموو ئەو کارانەدا یەکخستووە، کە دەیکەین بۆ بەکارهێنانی چارەسەرە پێشکەوتووەکانی پابەندبوون، لەوانە چاودێریکردنی مامەڵە لە کاتی گواستنەوەدا، چەسپاندنی ناسنامەی دیجیتاڵی و سنووری مامەڵە و دانانی پارە".
هاوکات ماریۆ ماکاری، بەڕێوەبەری لیڤانت کلاستەر لە ڤیزا دەڵێت، "ڤیزا زۆر دڵخۆشە بەوەی پێشکێشکردنی باشترین چارەسەری نێودەوڵەتیی ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی پارە لە عێراقدا بخاتە بازاڕەوە."
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، لەگەڵ توانا بێسنوورەکانی ڤیزا دایرێکت، کڕیارانی بانکی FIBـی عێراقی دەتوانن پەیوەندیی و دەستڕاگەیشتنیان بە زیاتر لە سێ ملیار کارت لەسەر ئاستی جیهاندا هەبێت بۆ گواستنەوەی پارە، بەبێ ئەوەی مەترسییان لەسەر دروست ببێت.
ڤیزا دامەزراوەیەکی فرەنەتەوەیی بواری خزمەتگوزاریی داراییە و بارەگاکەی لە ویلایەتی سان فرانسیسکۆیە لە ئەمریکا و یەکێکە لە بەهادارترین کۆمپانیاکان لەسەر ئاستی جیهاندا.