100 دۆلار بۆ خوار 150 هەزار دینار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای گەیشتنی بە 151 هەزار دینار، بەڵام لەکاتی داخستنی بازاڕدا بەهای 100 دۆلار بۆ کەمتر لە 150 هەزار دینار دابەزی.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 150 هەزار و 350 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، لە مامەڵەکانی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆدا 100 دۆلار گەیشتە 151 هەزار دیناریش، بەڵام دواتر بەهای دینار بەرزبووەوە.
بە گوتەی حاجی سابیر، لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 750 دینار بوو. بەم پێیە، ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار 600 دینار دابەزیوە.
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 150 هەزار و 400 دینار بوو؛ لە کاتی داخستنیدا بۆ 149 هەزار و 900 دینار دابەزی.
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، دابەزینی بەهای دینار "تەنیا پەیوەندی بە سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی عێراقەوە هەیە؛ پەیوەندی بە هیچ رەهەندێکی دەرەکی یان دۆخی سیاسیی و ئابووریی عێراقەوە نییە."
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی رایگەیاند، "خواستێکی ناسرووشتی لەسەر دۆلار هەیە. ئەوەش پەیوەندی بە نادڵنیایی خەڵکەوە هەیە."
بە گوتەی جەبار گۆران، "رێکارەکانی بانکی ناوەندی کاریگەریی ئەرێنییان هەبووە، بەڵام هەندێ لە رێکارەکانیش جێبەجێ ناکرێن، وەک مامەڵەکردن بە دراوی دیکەی جگە لە دۆلار."
دوێنێ دووشەممە بۆ یەکەمجار لە نێوەڕاستی مانگی ئادارەوە، بەهای 100 دۆلار گەیشتە 150 هەزار دینار.