مانگی رابردوو عێراق پابەندی بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس نەبووە و نەوتی زیاتری بەرهەمهێناوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمێنانی رۆژانەی نەوتی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە، بەڵام ژمارەیەک وڵات پشکی دیاریکراویان تێپەڕاندووە، عێراق لەو وڵاتانەیە کە رۆژانە بڕی 40 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر لەوەی بۆی دیاریکراوە، بەرهەمهێناوە.
بەپێی داتاکان، ئاستی رۆژانەی بەرهەمهێنانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا بۆ 33.98 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکردووە، ئەوەش کەمترین ئاستە لە سێ ساڵی رابردوودا تۆمار بکرێت.
کەمبوونەوەکە لەچوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ کەمکردنەوەی رۆژانەی دوو ملیۆن بەرمیل تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، هەشت وڵاتی نێو هاوپەیمانێتییەکە بە سەرکردایەتی سعودیە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بڕی دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلی رۆژانەیان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ تاوەکو چارەکی سێیەمی 2024 راگەیاند.
لەگەڵ ئەوەشدا 9 ئەندامەکەی هاوپەیمانێتییەکە 150 هەزار بەرمیل رۆژانە زیاتریان بەرهەمهێناوە لەوەی دیاریکراوە و گەیشتووەتە 21 ملیۆن و 380 هەزار بەرمیل.
عێراق پابەندی بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس نەبووە
عێراق گەورەترین بەرهەمهێنەرە مانگی رابردوو لە پشکی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەمهێناوە، کە رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بەرهەمهێناوە و گەیشتووەتە 4 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
عێراق بەو بڕەی بۆی دیاریکراوە کە بەرهەمهێنانی 4 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا، پابەند نەبووە. بەوپێیە لەو مانگەدا شەش ملیۆن بەرمیل زیاتر لەوەی رێگەی پێدراوە، بەرهەمهێناوە.
عێراق لە هیچ مانگێکی ئەم ساڵ ئامانجەکەی نەپێکاوە، هەرچەندە هێلە سەرەکییەکانی پلانێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو بەرهەمەی لە پشکی خۆی زیاترە هەبووە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای لە وەرزی هاوین سووتاندنی نەوتی خاوی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر کردووە.
کازاخستان گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاوی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ بووە، بەرهەمی رۆژانەی 80 هەزار بەرمیل زیادکردووە و کۆی بەرهەمی رۆژانەی یەک ملیۆن و 56 هەزار بەرمیل بووە، واتە رۆژانە زیاتر لە 90 هەزار لە پشکی خۆی زیاتر بووە.
تێکڕای زێدە بەرهەمهێنانی عێراق و کازاخستان پێکەوە لە مانگی رابردوو، 290 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.
نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای وزە، بە رووداوی گوت: "زیادبوونی بەرهەمی عێراق پەیوەندیی بە وەرزی گەرماوە هەیە، جگە لەوەش لە ماوەکانی رابردوودا عێراق ژمارەیەک بیری نوێی زیادکردووە و چاکسازیی لە ژمارەیەکی دیکەش کردووە، بەوە ئاستی بەرهەمی زیادیکردووە."
گوتیشی: "رەنگە عێراق بە دیاریکراوی و بە تەواوەتی نەتوانێت پابەندی ئەو بڕانەی بەرهەمهێنان بێت، کە لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە بۆی دیاریکراوە، ."
بەرهەمهێنانی نەوت لە گرووپی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نێو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کەم بووە، سعودیە 10 هەزار بەرمیل لە بەرهەمی رۆژانەی کەمکردووە و گەیشتووە 8.95 ملیۆن بەرمیل.
هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی ئیماراتیش بە بڕی 10 هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمیکردووە، مانگی رابردوو گەیشتووەتە 2.94 ملیۆن بەرمیل. کوێتیش بەبڕی 20 هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمیکردووە و گەیشتووەتە 2.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
سێ وڵاتە بەخشراوەکەش لە بەرهەمهێنان، مانگی حوزەیران بەرهەمیان زیادیکردووە، ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ئەیلوولی ساڵی 2018، مانگی رابردوو بەرهەمی رۆژانەی بەبڕی 20 هەزار بەرمیل زیادیکردووە، کۆی بەرهەمیشی گەیشتووەتە 3.31 ملیۆن بەرمیل.
هەروەها لیبیاش 40 هەزار بەرمیلی رۆژانەی زیادیکردووە و گەیشتووەتە 1.22 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. هەرچی ڤەنزوێلایە بەبڕی 20 هەزار بەرمیل بەرهەمی رۆژانەی زیادکردووە.
ژمارەیەک وڵاتیش نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان بپێکن و بگەنە ئاستی بەرهەمی پێویست، لەنێویاندا ئازەربایجان، مالیزیا و سوودان.
ئۆپێک پڵەس لە 23 ئەندام پێکدێت، 13یان ئەندامی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)ـن و 10یەکەی دیکەیان لە دەرەوەی رێکخراوەکەن. هەریەک لە سعودیە و رووسیا سەرکردە و بڕیاردەری دیفاکتۆی گرووپەکەن.