شاماران و گەنەل ئێنێرجی رۆژانە زیاتر لە 133 هەزار بەرمیل نەوت لە دهۆک بەرهەمدێنن

09-05-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن نەوت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەر یەک لە کۆمپانیای نەوتی شاماران و گەنەل ئێنێرجی راپۆرتی دارایی چارەکی یەکەمی ئەمساڵیان بڵاوکردەوە. یەکەمیان رایگەیاند، رۆژانە 57 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی دهۆک بەرهەمدێنێت، دووەمیشیان زیاتر لە 76 هەزار بەرمیل. واتە هەردووکیان پێکەوە زیاتر لە 133 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەو پارێزگایە بەرهەمدێنن.
 
کۆمپانیای نەوتی شاماران کە لە هەرێمی کوردستان لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسنگ کاردەکات راپۆرتی چارەکی یەکەمی ئەمساڵی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند تێکرای بەرهەمی رۆژانەیان لەو دوو کێڵگەیە لەو ماوەیەدا زیاتر لە 57 هەزار بەرمیل نەوت بووە.
 
شاماران رایگەیاندووە، بەهۆی فرۆشی نەوت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 18.3 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە.
 
شاماران دەڵێت، داخستنی بۆڕی نەوتی کوردستان- جەیهان لە مانگی سێی ساڵی 2023وە کاریگەری لەسەر کار و چالاکییەکانیان داناوە، بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە.
 
گارێت سۆدێن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای شاماران رایگەیاند: "هەردوو کێڵگەی سەرسنگ و ئەتروش لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا لە باشترین دۆخی خۆیاندا بوون، زیاترین قازانجیان گەیاندووە بە کۆمپانیاکە لە دوای داخرانی بۆڕی نەوتی کوردستان."
 
بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای شاماران، کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە دوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسنگ لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا رۆژانە 57 هەزارو 400 بەرمیل بووە، کە بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو 14٪ دابەزیوە.
 
شاماران دەڵێت یەک بەرمیل نەوتی کێڵگەکانیان تێکرا بە 36 دۆلار و 49 سەنت لە بازاڕی ناوخۆ فرۆشتووە.
 
هەروەها کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی، کە لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان کاردەکات راپۆرتی دارایی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە چارەکی یەکەمدا لە دۆخێکی باشی داراییدا بوون.
 
پاول وێر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی رایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا توانیان هاوسەنگی بگەڕێننەوە بۆ داهات و خەرجییەکانیان.
 
گەنەل ئێنیرجی رایگەیاندووە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 372 ملیۆن دۆلار کاشیان لە هەژماری بانکی هەبووە. وەک پوختەی نەختینە لە هەژماری بانکییەکەیان لە دوای دەرکردنی خەرجییەکانیان.
 
گەنەل ئێنێرجی ئاشکرای کردووە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە تێکڕا رۆژانە 76.31 هەزار بەرمیل نەوتیان لە کێڵگەی تاوکێ و پێشابوور بەرهەمهێناوە، کە تێیدا پشکی کۆمپانیاکەیان 19 هەزار و 80 بەرمیلە.
 
پاول وێر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی رایگەیاند، لە رووی داراییەوە لە دۆخێکی باشدا دەمێننەوە، بەوپێیەی بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنی لە بازاڕی ناوخۆ بەردەوامە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە