راوێژکارێکی بانکە ئەهلییەکانی عێراق: دەکرێت ساڵی داهاتوو 100 دۆلار بە 100 هەزار دینار بێت

09-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
دینار و دۆلار
دینار و دۆلار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق دەڵێت، سەردانی سوودانی بۆ ئەمریکا دەریخست دەکرێت بێبەشکردنی بانکەکان لە دۆلار راست بکرێتەوە. پێشیوایە بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەردەوام دەبێت. ئەگەریش هەیە ساڵی داهاتوو بەهای فەرمیی 100 دۆلار بکرێتە 100 هەزار دینار. 

شەوی چوارشەممە، 8-5-2024، د. سەفوان قوسەی، راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 22:30ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد. 
 
لەبارەی بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، د. سەفوان گوتی، لە سەرانسەری عێراقدا پرۆسەی بەجێکردن لەلایەن بانکە حکومییەکانەوە دەکرێت. بانکە ئەهلییەکان لەژێر چاودێریی نین و رەنگە پارەکە نەگاتە دەستی خاوەنی راستەقینەی، بەڵام ئەگەر بانکە ئەهلییەکان متمانەیان لە لای بانکی ناوەندی زیاد بکەن، دەکرێت قۆناخ بە قۆناخ بەرەو پێش بچن و بتوانن بەشدار بن لە بەجێکردنی مووچە. 
 
د. سەفوان دەڵێت، سیاسەتی هەردوو بانکە ناوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، دەریخست کە دەکرێت پرۆسەی بێبەشکردنی بانکەکان لە دۆلار دەکرێت راست بکرێتەوە.
 
ئەو راوێژکارە دەڵێت، تێڕوانینێکی ئەرێنی دروست بووە بەوەی دەکرێ سیستمێکی بانکیمان هەبێت کە بتوانێت پێویستیی حەواڵە پڕ بکاتەوە. دەشڵێت: "ئەو متمانەیە بە بانکەکان، بەهای دینار [بەرامبەر بە دۆلار] بەرز دەکاتەوە".
 
قوسەی هەر لەبارەی بەهای دینارەوە دەڵێت، لە دوو هەفتەی رابردوودا خستنەڕووی دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندییەوە زیاتر بووە لە 270 ملیۆن دۆلار، ئەمە واتە دینار دەتوانێت بچێتە نێو سەکۆی ئەلیکترۆنی.
 
ئەو راوێژکارە پێیوایە، ئەوە ئاماژەی بەهێزبوونی دینارە و وا دەکات نزیک بێتەوە لە بەهای فەرمیی بانکی ناوەندی، بەتایبەتیش ئەگەر دەست بە مامەڵەی بانکە نێوەندگیرەکان بکرێت لەگەڵ بانکەکانی جیهان و گومان لەسەر خاوبوونەوەی حەواڵە نەمێنێت.
 
لەبارەی داهاتووی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، قوسەی دەڵێت، دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب بەردەوام دەبێت بەشێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ: "وەزارەتی دارایی عێراق لە دۆخێکی باشدایە و ئەگەر بتوانێت قەرزە نێوخۆییەکان و قەرزەکانی بانکی ناوەندی بداتەوە کە زیاتر لە 45 ترلیۆن دینارە، ئەوکات نەختینەی بانکەکە بەهێز دەبێت و پاڵپشت بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، دەتوانێت بەهای یەک دۆلار بۆ هەزار دینار دابەزێنێت". واتە؛ 100 دۆلار بەرامبەر بە 100 هەزار دینار.
 
ئەو راوێژکارە باس لەوە دەکات، دەکرێت ئەمە ئەم ساڵ نەبێت و ساڵی داهاتوو رووبدات، بەڵام دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕەکان بەردەوام دەبێت. گوتیشی، بە هاتنی بازرگانی زیاتری وەکو بازرگانانی جگەرەوە و زێڕ، پشتیوانی دروست دەبێت و خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕ کەمدەکاتەوە.
 
د. سەفوان قوسەی ئاماژە بەوە دەکات، رێککەوتنێک هەیە لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای K2 و سەرچاوەی دیکە بۆ زانینی هۆکاری بێبەشکردنی بانکەکان لە دۆلار. زانیاری و لێکۆڵینەوەکانیشیان دەکرێ سوودی هەبێ بۆ دەستکردنەوەی ئەو بانکانە لە مامەڵەکردن بە دۆلار. گوتیشی، هەژمارێکی هاوبەش هەیە لەنێوان بانکە سزادراوەکان و بانکە سزانەدراوەکان و دەکرێت هاوکار بێت لە دەستگەیشتنی بازرگانان بە دۆلار، ئەوەش ئەگەر بانکی ناوەندی ئەمریکا رازی بێت.
 
بە گوتەی راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکان، ئەو پێشنیازە وا دەکات توانای بازرگانان لە دەستگەیشتن بە دۆلار فراوان بێت. هەروەها هاوکار دەبێت لە دەستگەیشتن بە دراوەکانی دیکەش. ئەمەش ئاسانکاری دەبێت بۆ کەرتی بانکیی عێراق.
 
د. سەفوان قوسەی پێیوایە، نەبوونی وەبەرهێنان و نوێکاریی تەکنەلۆژی، زیادبوونی مەترسییەکان و وردنەبوون لە مامەڵە داراییەکان بووەتە هۆی بێبەشکردنی ئەو بانکانە لە مامەڵەکردن بە دۆلار. "بەڵام هەڵگرتنی سزاکانی سەر بانکە عێراقییەکان متمانە بە کەرتەکە زیاد دەکات و وەبەرهێنەری زیاتر رادەکێشێت."
 
قوسەی دەڵێت، بانکە بێبەشکراوەکان خۆیان ئامادە کردووە بۆ هەڵگیرانی سزاکانی سەریان و وەرگرتنەوەی پشکەکانیان لە حەواڵەی دارایی. دەکرێ سیتی بانک و  بانکی جەی پی مۆرگان بتوانن وەک هاوبەش لەگەڵ ئەو بانکانە هاوئاهەنگی بکەن بۆ دڵنیابوون لە دروستیی مامەڵەکان. ئەم بابەتەش پێویستی بە پێداچوونەوە بە سزادانی بانکەکان دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە