رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، حکومەت پلانێکی هەیە بۆ رێکخستنەوەی هەیکەلی بانکە حکومییەکان، ئەوەش نەخشەی کەرتی بانکیی عێراق دەگۆڕێت.
گوتەکانی عەلی عەللاق لەکاتی پێشوازیکردنی بوو لە پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق.
لە راگەیێندراوی بانکی ناوەندی هاتووە، عەلی عەللاق ئاماژەی بە دۆخی ئابووریی عێراق و رێنماییەکانی حکومەت کردووە کە پلانێک هەیە بۆ رێکخستنەوەی هەیکەلی بانکە حکومییەکان، کە بەردەوام پشتگیری و چاودێری دەکرێت لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە.
عەللاق دەڵێت: "ئەم نەخشەی کەرتی بانکی لە عێراق دەگۆڕێت."
عەلی عەللاق ئاماژەی بە پێشهاتە خێراکانی رێکخستن، چاودێریکردن و شیکردنەوەی پرۆسەی حەواڵەی دەرەکی و پڕکردنەوەی پێویستییەکانی بازرگانی دەرەکی بەگوێرەی باشترین پراکتیک و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کردووە، کە خەریکە ستایش و گرنگییەکی زۆریان لە لایەن رێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پێدەدرێت.
بانکەکە دەڵێت: "باڵیۆز خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو گەشە ئابوورییانەی لە عێراقدا تێبینیی کردووە. ئامادەیی فەرەنساشی بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە بانکییەکان لەگەڵ عێراق دەربڕی."
باڵیۆزی فەرەنسا بانگهێشتی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی کرد دوای رێکخستنە پێویستەکان، "سەردانی دامەزراوە دارایی و بانکییەکانی فەرەنسا بکات، بەتایبەتی بانکی ناوەندی فەرەنسا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ