سوودانی بۆ حەلبووسی: پێویستە پەسندکردنی بودجە پەلەی تێدا بکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت لە گرنگی پەلەکردن لە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە دەکاتەوە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 09-05-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد و هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دۆسیە گشتییەکانی وڵات کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا سوودانی جەختی لە گرنگیی پێکەوەکارکردنی نێوان حکومەت و پەرلەمان کردووەتەوە، ئەوەش بە مەبەستی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سوودانی بە پێویستی زانیوە زوو پڕۆژەیاسای بودجە پەسندبکرێت بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت بەرنامەکەی بە تەواوی جێبەجێ بکات و ئابووریی وڵات ببووژێنێتەوە. 
 
بودجەی عێراق زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە و 12.67٪ـی بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دەکات. پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کردووە و ئێستا سەرقاڵی میواندارییکردنی وەزیر و دەستە و لایەنە پەیوەندیدارەکانە.
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کۆبوونەوەی رۆژی 01-05-2023، سەبارەت بە گفتوگۆکانی بودجە رایگەیاند، "رۆژی 10-05-2023 دوایین وادەیە بۆ یەکلاکردنەوەی گفتوگۆکانی رەشنووسی بودجە."