دۆسیەی نەوت لە كارنامەی هەڵبژاردنی حیزبەكاندا
بە وردبوونەوە لە كەرتی نەوتی كوردستان لە قۆناغی ڕابردوودا، زۆربەی حیزبەكانی كوردستان بە تایبەتی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و بەشێكی زۆری یەكێتیش، كەرتی نەوتی كوردستان لەسەر پارتی ئەژمار دەكەن و دەڵێن پارتی بەپلەی یەكەم لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتی كوردستان لە ناوخۆ و لەگەڵ عێراق و دەرەوەش بەرپرسیارە، بۆیە شكست و سەركەوتنەكان لەو دۆسیەیەدا بەرەوڕووی پارتی دەكرێنەوە.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێ كە عێراق لەبەردەم گۆڕانێكی سیاسی و ئابووری و ئەمنیدایە، هەروەها بارودۆخی كوردستان زۆر جیاوازە لە رابردوو، چەندین پرسی چارەسەرنەكراو لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا ماون. لەسەرووی هەمووشیانەوە دۆسیەی نەوت.
بە وردبوونەوە لە ناوەڕۆكی بەرنامە و ئامانجی هەریەك لە پێنج حیزبە سەرەكییەكەی كوردستان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبینین بزووتنەوەی گۆڕان بەپلەی یەكەم و یەكگرتووی ئیسلامی بە پلەی دووەم و یەكێتی بەپلەی سێیەم لە كارنامەكانیاندا بەشێوەی جۆراوجۆر ئاماژەیان بە دۆسیەی نەوت و سامانی سروشتی كردووە، كۆمەڵی ئیسلامیش بە پەرەگرافێكی بچووك، ئاماژەی بە دۆسیەی نەوت كردووە، ئەویشی پەیوەست كردووە بە ئاستی عێراق نەك تەنیا هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوەی جێگای تێبینییە، پارتی دیموكراتی كوردستان كە كارنامەكەی لە 14 خاڵ پێكدێ، بە یەك وشەش باسی دۆسیەی نەوتی نەكردووە!
گۆڕان: بەشداربوونی هەرێم لە داڕشتنی سیاسەتی نەوتی عێراق
بەرنامەی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نۆ تەوەر پێكهاتووە، تەوەری شەشەمی كە لە 14 خاڵ پێكهاتووە، تایبەت كراوە بە دۆسیەی سامانی سروشتی، شەش خاڵی راستەوخۆ پەیوەندیدارە بەكەرتی نەوت و گازی سروشتیی هەرێمی كوردستان:
1- چارەسەركردنی كێشە پەیوەندیدارەكان بە نەوت و غاز و سامانە سروشتییەكانی دیكە، لەڕێگەی دانانی یاسایەكەوە، كە بنەما دەستوورییەكان لەخۆ بگرێت و مافی هەرێم و پارێزگاكان لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەكان تێیدا پارێزراو بێت. وەك لە مادەكانی (111) و (112)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە.
2- سووربوون لەسەر بەشداربوونی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەكان لە داڕشتنی سیاسەتی نەوتی عێراق.
3- گرێبەستەكانی نەوت و غاز كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵ و هەرێمەوە دەكرێن، بخرێنە ژێر چاودێریی پەرلەمان.
4- چەسپاندنی شایستەی پترۆدۆلار بۆ ئەو پارێزگایانەی نەوت و غاز و پاڵاوگەیان هەیە، رەنگدانەوەی لە یاسای بودجەی ساڵانەی عێراقدا.
5- فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای (سۆمۆ) و دانانی نوێنەری هەمیشەیی هەرێم لەو كۆمپانیایەدا.
6- دابینكردنی مووچە و پێداویستییە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و پێداویستیی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت.
یەكگرتوو: هەمەجۆركردنی چالاكییە ئابوورییەكان
ئامانجەكان لە بەرنامەی یەكگرتووی ئیسلامیدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێنج بەش پێكهاتووە، خاڵی چوارەم كە تایبەتە بە بنیاتنانی ئابووریی وڵات، باسی هەمەجۆركردنی چالاكییە ئابوورییەكان دەكات:
1- هەمەجۆریی چالاكییە ئابوورییەكان لە پێناو كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و رەخساندنی خۆشگوزەرانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی گونجاو بۆ هاووڵاتیان.
2- باشتركردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و شەفافكردنی داهاتەكانی و بەكارهێنانی لە گەشەپێدانی ئابووریی وڵات و باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتیان.
3- دامەزراندنی تۆڕی بۆری گاز بۆ شارەكان، بۆ بەكارهێنانی لە كاروباری ناو ماڵدا لەسەرتاسەری عێراقدا.
یەكێتی یاسای نەوت و گازی دەوێ
بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12 تەوەر پێكهاتووە كە تەوەری سێیەمی تایبەت كراوە بە دۆسیەی ئیداری و ئابووری و لە 6 خاڵ پێكهاتووە و 2 خاڵی پەیوەندیدارە بەكەرتی نەوت و گاز:
1- دەركردنی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەشێوەیەك كە دەسەڵاتی دەستووریی تەواو بەهەرێم بدات لە بواری نەوت و وزەدا و داهاتەكانی لە خزمەتی گەلی كوردستاندا بێت.
3- چاودێری داهاتەكانی فیدڕاڵی بكرێت بەجۆرێك كە زەمانەتی دابەشكردنی عادیلانەی سامان لەنێوان پێكهاتەكانی گەلی عێراقدا بكات.
كۆمەڵ: داهاتی نەوت بۆ تاكەكانی عێراق
بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی، لە حەوت تەوەر پێكهاتووە، هیچ تەوەرێكی تایبەت نییە بە پرسە ئابوورییەكان و دۆسیەی نەوت ، بەڵام لە تەوەری پێنجەمدا كە تایبەت بە دادگەری، داوای دیاریكردنی رێژەیەكی گونجاو بۆ هەر تاكێكی عێراقی لە داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی ساڵانە دەكات.
نەوت لە كارنامەی پارتیدا نییە
پارتی دیموكراتی كوردستان كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدەستەوەیە و قسەی یەكەم و كۆتایی لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە دەكات، لە كارنامەكەیدا باسی دۆسیەی نەوتی نەكردووە.
بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 14 خاڵدا كۆكراوەتەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئاماژەی بە دۆسیەی نەوت نەكردووە، لە خاڵی سێی كارنامەكەدا هاتووە:" پیادەكردنی دەستوور بە تەواوی مادە و بڕگەكانییەوە كە تاكە زامنی بەردەوامیی یەكگرتنی ئارەزوومەندانەی خاك و گەل و سەروەریی عێراقە و پابەندبوون بە دەق و ناوەڕۆكەكەی كە لەسەر پرەنسیپەكانی شەراكەت و هاوسەنگی و تەوافوق داڕێژراوە".
دوای 12ی ئۆكتۆبەر و دانیشتنی نوێنەرانی كورد لەسەر كورسییەكانی نێو هۆڵی پەرلەمان، روون دەبێتەوە كە ئایا ئەو حیزبانە چارەسەری دۆسیەی نەوت كە بڕبڕەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە، لەسەرووی دۆسیەكانی دیكەوە دەبێ، یان تەنیا دەبێتە مەرەكەبی سەر كاغەز؟