مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 500 هەزار دینار نزیکدەبێتەوە

09-04-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی زێڕ لە جیهاندا لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 2365 دۆلار؛ لە هەرێمی کوردستانیش نرخەکەی بەرزبووەوە و هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە 495 هەزار دینار.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 9-4-2024، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 15 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2355 دۆلار.
 
لە سەرەتای کرانەوەی بازاڕدا نرخی هەر ئۆنسەیەکی زێڕ 2365 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
گرژییە جیۆسیاسییەکان و چاوەڕوانیی بازرگانان بۆ داتای هەڵاوسانی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
 
هەر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی لەسەر ئاستی جیهان، ئەمڕۆ نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستانیش 5 هەزار دینار بەرزبووەوە و نرخی فرۆشتن، بەپێی سەندیکای زێڕینگران بەم شێوەیەیە:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 560 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 515 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 495 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 430 هەزار دینارە
 
لە هەفتەی رابردوودا نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بە جۆرێک لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 30 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
 
 گۆڕانکاریی لە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکارەوە؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ.
 
هەندرێن وەرتێ، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای زێڕینگرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
 
ئۆلێ هانسن، سەرۆکی بەشی ستراتیژییەتی کاڵاکان لە بانکی "ساکسۆ" بۆ وەبەرهێنان دەڵێت، "مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە لایەک و جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش لە لایەکی دیکە، هێشتا رۆڵی پشتیوانیی [لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ] دەگێڕن".
 
سبەی چوارشەممە کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر، ئاماری هەڵاوسان بۆ مانگی ئادار لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە. ئامارەکە دەکرێت ئاماژەی نوێ لەبارەی ئاراستەی سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکا و کەمکردنەوەی سوودی بانکییەوە بەدەستەوە بدات.
 
هەر دابەزین یان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە رێژەی هەڵاوسان دەکرێت کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی کوردستانیش دابنێت.
 
هاوکات لە رووی تەکنیکیشەوە، زێڕ گوشارێکی زۆری کڕینی لەسەرە.
 
لە نوێترین پێشبینیدا شارەزایانی (بانکی ئەمریکا) لە نووسراوێکدا دەڵێن، دەکرێت تاوەکو ساڵی 2025، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 3 هەزار دۆلار.
 
لە مانگی شوباتدا هەڵاوسان لە ئەمریکا لە 3.1%ـەوە بۆ 3.2% بەرزبووەوە. هەر بەرزبوونەوە و دابەزینێک لە رێژەکە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بازاڕەکان دەبێت، بەتایبەتی زێڕ.
 
ئەمریکا دەیەوێت هەڵاوسان بۆ 2% دابەزێنێت، ئەو کاتە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەکات. بۆیە دابەزینی هەڵاوسان پێشبینییەکان بۆ دەستکردن بە کەمکردنەوەی رێژەکە زیاتر دەکات و بە پێچەوانەشەوە.
 
بەو پێیەی کەمکردنەوەی سوودی بانکی کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی دۆلار دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە