وەزارەتی دارایی عێراق لە مانگی کانوونی یەکەم 2.7 تریلیۆن دینار زیادهێنانی هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی لیستی خەرجی و داهاتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا جیاوازیی خەرجی و داهاتەکانی زیاتر لە دوو تریلیۆن و 750 ملیار دینار بووە، 89٪ـی داهاتەکانی عێراق لە نەوتەوە بەدەستهاتوون و زیاتر لە پێنج تریلیۆن و 850 ملیار دینار بۆ مووچە رۆیشتووە.
بەپێی لیستەکانی وەزارەتی دارایی عێراق تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی بۆ مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، دەردەکەوێت زیاتر لە دوو تریلیۆن و 750 ملیار دینار، زیادهێنانی داهات هەبووە، بەو پێیەی خەرجییەکانی 8 تریلیۆن و 791 ملیار دینار و داهاتەکانیش زیاتر لە 11 تریلیۆن و 542 ملیار دینار بووە.
بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، خەرجییەکانی عێراق لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 "مانگی یەک" بریتی بووە لە زیاتر لە 8 تریلیۆن و 791 ملیار دینار، خەرجییەکان بەمشێوەیە دابەش بوون:
- مووچەی مووچەخۆران: 5 تریلیۆن و 858 ملیار دینار
- مووچەی فەرمانبەران: 4 تریلیۆن و 47 ملیار دینار
- چاودێری کۆمەڵایەتی: 1 تریلیۆن و 811 ملیار دینار
-89٪ـی خەرجیی بەردەوامی عێراق بۆ مووچەی مووچەخۆران بووە.
-67٪ـی کۆی خەرجییەکانی عێراق بۆ مووچەخۆران بووە.
نەوت سەرچاوەی 89٪ـی داهاتەکانە
لە لیستەکەی وەزارەتی دارایی عێراق دەردەکەوێت، داهاتەکانی عێراق لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 "مانگی یەک" بریتی بووە لە زیاتر لە 11 تریلیۆن و 542 ملیار دینار، داهاتەکان بەپێی جۆرەکانیان بەمشێوەیە دابەش بوون:
- داهاتە نەوتییەکان: 10 تریلیۆن و 275 ملیار دینار
- داهاتە نانەوتییەکان: 1 تریلیۆن و 266 ملیار دینار
- رێژەی داهاتە نەوتییەکان: 89٪
- رێژەی داهاتە نانەوتییەکان: 11٪
بەپێی بەدواداچوونی رووداو بۆ خەرجییەکان، دەردەکەوێت زۆرترینی ئەو وەزارەتانەی خەرجییان هەبووە لەو مانگەدا بریتیین لەمانە:
- وەزارەتی دارایی: سێ تریلیۆن و 105 ملیار دینار
- وەزارەتی ناوخۆ: یەک تریلیۆن و 56 ملیار دینار
- وەزارەتی پەروەردە: 841 ملیار دینار
- ئەنجوومەنی وەزیران: 699 ملیار دینار
- وەزارەتی بەرگری: 652 ملیار دینار
زورغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند "پشتبەستنی عێراق بە نەوت وەکو سەرچاوەی سەرەکیی داهات، یەکێکە لەو مەترسییانەی لە داهاتوودا کێشەمان بۆ دروست دەکات، بۆیە ئێمە بەردەوام تێبینیمان هەیە لەوەی دەبێت عێراق سەرچاوەکانی فرە بکات."
روونیشیکردەوە "گرنگە عێراق بۆ خەرجییەکانیشی پلانی تۆکمەی هەبێت و دەستبەرداری مووچەخۆریی زۆر ببێت، یان هیچ نەبێت پلانی بۆ داهاتوو هەبێت، کەمیان بکاتەوە یان دابەشیان بکات و رێکیان بخاتەوە."
یاسای بودجەى گشتی لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2023، زۆرترین فەرمانبەر لە وەزارەتى پەروەردەی عێراقن کە 963 هەزار و 949 فەرمانبەرن؛ دواتر وەزارەتى ناوخۆ دێت، کە 704 هەزار و 446 فەرمانبەرى هەیە؛ وەزارەتى بەرگرى لە پلەى سێیەمدایە بە 453 هەزار و 951 فەرمانبەر؛ وەزارەتى تەندروستى لە پلەى چوارەمدایە بە 488 هەزار و 550 فەرمانبەر؛ دەستەى حەشدی شەعبیش کە 238 هەزار و 75 کارمەندى هەیە لە پلەی پێنجەم دێت. حەشدی شەعبی لە یاسای بودجەی ساڵی 2023ـدا بڕی زیاتر لە سێ تریلیۆن و 914 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
بەپێی یاسای بودجەی 2023 ئەم ساڵ عێراق 64 تریلیۆن و 357 ملیار دینار کورتهێنان لە بودجەکەیدا دەبێت، بەڵام نەبیل مەرسوومی پێیوایە ئەم ساڵ بەهۆی زۆریی داهات، کە هۆکارەکەی بەرزیی نرخی نەوت بووە، هەروەها خەرجنەکردنی بەشێک لە پارەکانی نێو بودجە، عێراق کورتهێنانی نابێت.