گومرگی کرماشان: هەناردەمان لە ساڵێکدا گەیشتە 3.4 ملیار دۆلار

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە ماوەی ساڵێکدا قەبارەی هەناردەکردن لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە زیاتر لە 7 ملیۆن تۆن و بە بەهای 3.4 ملیار دۆلار بووە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی کرماشان رۆژی دووشەممە 8ی نیسانی 2024 رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا واتە لە ماوەی 21-03-2023 تاوەکو 21-03-2024، ، 7 ملیۆن و 273 هەزار تۆن کەلوپەل، کە بە بەهای سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە، لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە. 
 
عەباسزادە گوتی، بەراورد بە پار هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشانەوە لە رووی نرخەوە 27% و لە رووی کێشەوە 7% زیادیکردووە.
 
بەگوتەی عەباسزادە، لەو ماوەیەدا زۆرترین هەناردە لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە بووە و 2 ملیۆن و 788 هەزار تۆن کەلوپەل کە دەکاتە بایی یەک ملیار و 234 ملیۆن دۆلار، لەو دەروازە سنوورییەوە هەناردەی دەرەوە کراوە. 
 
دەشڵێت، دەروازەی سنوورییەکانی خۆسرەوی و سوومار لە رووی هەناردەکردنەوە بە پلەی دووەم و سێیەم دێن، بەو پێیەی یەک ملیۆن و 856 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 933 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی خۆسرەوییەوە هەناردە کراوە، لە رێگەی دەروازەی سنووری سووماریشەوە یەک ملیۆن و 686 هەزار تۆن کەلوپەل بایی 815 ملیۆن دۆلار هەناردە هەبووە. 
 
سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکانی شێخ سڵە و شووشمێ، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی کرماشان رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 625 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 371 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی شێخ سڵەوە و 318 هەزار تۆن کەلوپەلیش بە بەهای زیاتر لە 47 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی شووشمێ هەناردە کراوە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە دەڵێت، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لەو دەروازە سنوورییانەوە هەناردەکراون بریتین لە ئاسن، شیش، کاشی، سیرامیک، بەردی بیناسازی، بەرهەمە پلاستیکییەکان، شیرەمەنییەکان و سەوزە و میوە.
 
پارێزگەی کرماشان، 371 کیلومەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە. پارێزگەکە، پێنج دەروازەی سنووری هەیە کە سێیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن، دەروازەیەک دەکەوێتە سەر سنووری خانەقینی باشووری کوردستان و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە. 
 
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شوشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان، دەروازەی سومار دەکەوێتە سنووری قەزای خانەقین لە باشووری کوردستان و دەروازەی سنووری خوسرەویش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.