بریکارێکى وەزارەتى نەوت: کۆتایی نیسان دەتوانین 350 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەى تورکیا بکەین
رووداو دیجیتاڵ
بریکارێکى وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، کۆتایی مانگى نیسان 350 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەى بۆرییەکى نەوتەوە هەناردەى تورکیا دەکەن کە بە شارى موسڵدا دەڕوات و نۆژەنیان کردووەتەوە.
باسم محەممەد خزەیر، بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى دەرهێنان راگەیاند "دەستیان کردووە بە چاککردنەوەى هێڵێکى گواستنەوەى نەوت بۆ تورکیا کە لە کۆتایی مانگى نیسانەوە دەتوانێت رۆژانە 350 هەزار بەرمیل نەوتى لێوە هەناردە بکرێت."
زیاتر لە 10 ساڵە ئەو هێڵەى هەناردەى نەوت پەکیکەوتووە کە بە شارى موسڵ تێپەڕ دەبێت، لەدواى کۆنترۆڵکردنەوەى شارەکە و دەرکردنى رێکخراوى داعش، دەستکرایەوە بە نۆژەنکردنەوەى.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى نەوتى عێراق کە ئاگادارى ئەو پڕۆژەیە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو هێڵە زیاتر لە 85%ـی ئامادە یە بۆ ئەوەى نەوتى لەرێگەوە هەناردە بکرێت.
هێڵەکە لە کەرکووکەوە دەستپێدەکات، دەچێتە ریاز، پاشان بێجى و دواتر دەچێتە دەشتى نەینەوا لە زاخۆوە بە بێشابوور تێپەڕ دەبێت بۆ نێو تورکیا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەشدا، تێچووى هەناردەى نەوت لە رێگەى ئەو بۆرییەوە بۆ عێراق یەک دۆلار و 20 سەنت دەبێت، بەڵام نەوتى کێڵگەکانى گەیارە لە موسڵ ناخرێتە سەرى، لەبەرئەوەى جۆرەکەى قورسە و کوالێتیی نەوتەکە تێکدەدات.
هەرچەندە بریکارەکەى وەزارەتى نەوت ئاماژەى بەوە داوە؛ ئەو بۆرییە دەتوانێت رۆژانە 350 هەزار بەرمیل نەوتى لێوە هەناردە بکرێت، بەڵام سەرچاوەکەى رووداو دەڵێت "بڕەکەى دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل."
رۆژى 6ـی نیسان نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانى عێراق کۆبووەوە.
7ـی نیسان، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند یەکێک لە پرسە بنەڕەتییەکان کە لەو سەردانەدا باسکراوە، پرسی نەوت بووە کە کێشەی سەرەکی نەبوونی یاسای نەوت و گازە، ئەویش یەکێکە لەو پرسانەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان و لەگەڵ سەرۆککۆماریش گفتوگۆی لەسەر کرد.
دڵشاد شەهاب رایگەیاند کە کێشەی حەقدەستی کۆمپانیاکان هەیە کە لە عێراق زیاترى تێدەچێت و گوتیشى "ئێستا لەوبارەوە بەرەوپێشچوونی زۆر باش هەیە و، ئاراستەیەکی دروستی وەرگرتووە."
ئەو ئامادەکارییەى وەزارەتى نەوت بۆ هەناردەکردنى نەوت لەرێگەى ئەو هێڵەوە لەکاتێکدایە؛ ماوەى زیاتر لە ساڵێکە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان و کەرکووک لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە.
بە گوتەى سەرچاوەکەى رووداو، ئەگەر هەناردەى نەوت دەستپێبکاتەوە ئەگەر زۆرە لە رێگەى ئەو هێڵەوە هەناردە بکرێتەوە.
باسم غرێباوى، ئەندامى لیژنەى نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: پرسی هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەسەر هێڵى هەناردەکردنەکە پەکینەکەوتووە و ئەو هێڵەى پێشتر نەوتى پێدا هەناردە دەکرا کێشەیەکى ئەوتۆى نییە، لەگەڵ وەزارەتى نەوت لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەى بزانین کەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
باسم غرێباوى گوتیشى "هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان پەیوەستە بە سازان و رێککەوتنى هەولێر و بەغدا."