رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بازرگانیى عێراق پرۆسەى دەرکردنى کۆبۆنى ئەلیکترۆنى خۆراکى لە عێراق دەستپێکرد کە جێگرەوەى کۆبۆنى پێشوو دەبێت کە بەشێوەى کاخەز بوو. گوتەبێژى ئەو وەزارەتە دەڵێت: "پرۆسەکە هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە و سێ بۆ چوار مانگى دیکە تەواو دەبێت."
9ى نیسانى 2023، وەزارەتى بازرگانیى عێراق دەستپێکردنى پرۆسەى دەرهینانى کۆبۆنى خۆراکى ئەلیکترۆنى راگەیاند، کە جێگەى کۆبۆنى خۆراکى مانگانەى هاووڵاتییان دەگرێتەوە کە بەشێوەى کاخەز بوو.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: گۆڕینی کۆبۆنى خۆراک سەرجەم پارێزگاکانى عێراق دەگرێتەوە بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیشەوە.
محەممەد حەنوون گوتیشى: "کۆبۆنى خۆراکى ئێستا دەگۆڕدرێت بۆ کارتێکى ئەلیکترۆنى کە هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنى بەشە خۆراکى مانگانەیان لەگەڵ بریکارەکان مامەڵەى پێوە دەکەن، پێشبینى دەکەین لەنێوان سێ بۆ چوار مانگى دیکە پرۆسەکە تەواوبێت و بکەوێتەکار."
وەزارەتى بازرگانیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکارى بە ئەلیکترۆنیکردنى کۆبۆنى خۆراکى بڵاوکردەوە کە بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانی لە هەر پارێزگایەک سەرپەرشتیی دەکات و لەسەر بنەماى کارتى نیشتیمانى دەبێت، ئەو کۆبۆنە ئەلیکترۆنییە ئاسانکاریى زیادکردنى منداڵ و گواستنەوەى شوێنى نیشتەجێبوون دەکات.
وەک قۆناخى ئەزموونى، لە 29ى ئەیلولی 2022، پرۆسەى دەرکردنى کۆبۆنى خۆراکى ئەلیکترۆنى لە پارێزگاى نەجەف ئەنجامدرا.
9ى نیسان ئەسیر غرێری، وەزیرى بازرگانیی عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا ئاشکرایکرد، لە رێگەى جێبەجێکردنى ئەو ئەزموونە لە پارێزگاى نەجەف، 15 هەزار مردوو لەگەڵ کەسانى دیکە ئاشکرابوون کە بریکارەکان لەبرى ئەوان بەشە خۆراکەکانیان وەرگرتوون.
کۆبۆنى خۆراکى مانگانەى هاووڵاتییان لە عێراق لە ساڵى 1997 کارى پێکرا کە لە رێگەیەوە هاووڵاتییان بەشە خۆراکى مانگانە وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ