بەرزبوونەوەی بەهای دینار نرخی زێڕی دابەزاند


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 10 هەزار دینار دابەزی. گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگرانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەگەر بەهای دینار زیاتر بەرز ببێتەوە، رەنگە مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بۆ 400 تاوەکو 410 هەزار دیناریش دابەزێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە سەرووی 144 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. بەوهۆیەشەوە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 430 هەزار دینارەوە بۆ 420 هەزار دابەزی.
 
نرخی ئەمڕۆی فرۆشتنی زێڕ لەکاتی داخستنی بازاڕەکان لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بووە:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=475,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=435,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=420,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18=355,000
 
لەبارەی ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی زێڕەوە، هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر بەهای دۆلار بۆ نزیکەی 140 هەزار دینار دابەزێت، نرخی زێڕ زیاتر دادەبەزێت و رەنگە مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بگاتە 400 بۆ 420 هەزار دینار."
 
هەندرێن وەرتی دەشڵێت، "لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان، رەنگە دابەزینی نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان سنووردار بێت."
 
دابەزینی ئەمڕۆی نرخی زێڕ لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 04-04-2023، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بۆرسەکانی جیهاندا زیاتر لە 35 دۆلار بەرزبووەوە و لە 1990 دۆلارەوە گەیشتە 2025 دۆلار، بەوەش نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەکانی کوردستان لە 420 هەزارەوە گەیشتبووە 435 هەزار دینار.