بەهای دینار بەرزبووەوە؛ 100 دۆلار بە 147 هەزار و 350 دینارە
رووداو دیجیتاڵ
بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە بەرزبوونەوە بەردەوامە. ئەمڕۆ دوای کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر لە دوای پشووی هەفتە، 100 دۆلار بە 147 هەزار و 350 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە کاژێر 10:00ـی بەیانی، 100 دۆلار بە 147 هەزار و 350 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار بە 147 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
حاجی سابیر باواجی گوتی، بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو هۆکاری رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراقە؛ پێشبینیشی کرد بەهای دینار لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر بەرزبێتەوە.
بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار، رۆژی 07-02-2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسند کرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بە شێوەیەک 100 دۆلار ببێتە 130 هەزار دینار، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەگوێرەی رێکارەکانی بانکەکە، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزنەبووەتەوە.