رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە قەبارەی نەوتی یەدەککراو لە ئەمریکا کەمیکردووە، نرخی نەوت بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بە جێگیری مایەوە؛ نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکیش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی گوشار لەسەر نرخی نەوت دروستبێت. گۆڕانکارییەکانی بازاڕی زێڕیش زۆر نەبوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور پێنج سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا بە هەمانشێوە پێنج سەنت بەرزبووەوە و بە 76 دۆلار و 61 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی سێشەممە دوای گوتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، نرخی نەوت سێ دۆلار لە بەهاکەی لەدەستدا و رۆژی چوارشەممەش نرخی نەوت بەردەوام بوو لە دابەزین.
نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی و سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی نەوت پێشبینی بکەن لە ئەمساڵدا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە ئەمریکا دابەزێت.
لەگەڵ ئەوەشدا قەبارەی نەوی کۆگاکراو لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو یەک ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل کەمیکردووە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی دابەزینی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوو هێندە بەرفراوان نەبێت.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 1815 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا گۆڕانکاریی کەمی بەخۆیەوە بینی و لە نزیک کەمترین ئاستی خۆی لە ئەمساڵدا مامەڵەی پێوەکرا.
لێدوانەکانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە دوو رۆژی رابردوو لە بەردەم کۆنگریسی ئەمریکا بووە هۆکاری دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.
پاوڵ رایگەیاند، بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان ناچارن زیاتر لەو رێژەیەی کە پێشتر پێشبینیکراوە سوودی بانکی بەرزبکەنەوە.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکیش لە ئەمریکا بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕی بەدواوە هات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 1815 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا لە نزیکەی 1819 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکاشی بەرزکردەوە.
بەشێک لە ئابووریناسان پێشبینییان وایە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی ناوەستێت تاوەکو ئەو کاتەی ئابووریی وڵاتەکە نەخاتە نێو قۆناخی سستبوونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ