لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆ لەبارەی بەبازاڕکردنی بەرهەمی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ، شاندێکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و گوتیشی، "لەگەڵ نوێنەری دوو وڵات لە یەکێتیی ئەوروپا باسی هەناردەکردنی بەرهەمی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانمان کردووە بۆ ئەو وڵاتانە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-02-2023، دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ مارکۆ کامپۆمینۆزی، پەرلەمانتاری ئیتاڵی و ئەڤین ئینجیر، پەرلەمانتاری سویدی لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبووەوە. دلاوەر ئاژگەیی بە رووداوی گوت، "لە کۆبوونەوەکەدا پوختەیەکم لەسەر دوایین پەرەسەندەکانی سیاسی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق خستەڕوو و باسی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدام کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە سەر بناخەی هاوبەشی راستەقینە."
دلاوەر ئاژگەیی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و کارکردن بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز و جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە دەستووری عێراق کردووە. دەشڵێت، "باسمان لە بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگەی فیدراڵیی عێراق کرد کە زۆربەیان دژی هەرێمی کوردستان بوونە و کاریگەرییان لە سەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق دروستکردووە و گرنگە پەرلەمانی ئەوروپا رۆڵی خۆی بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە گرنگە بگێڕێت".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوەکرد، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا، باسی پڕۆژە و کاری هاوبەش لەنێوان هەردوولا کراوە، بە تایبەت لە چوارچێوەی دیپلۆماسی کولتووری Cultural Diplomacy بە ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەک لە پەرلەمانی ئەوروپا، لەوانە پێشانگەیەکی تایبەت بە وێنەی شوێنە سرووشتی و مێژوویی و گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشنابوونی زیاتری پەرلەمانتارانی ئەوروپا بە کوردستان.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا داوای لە نوێنەری وڵاتانی یەکێتییەکە کرد کە وەبەرهێنان و هاوردە و هەناردە لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاد بکەن و گوتی، "هەرێمی کوردستان هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕی ئەوروپی بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دەدات لە داهاتوودا".
دلاوەر ئاژگەیی بڕیاری سەردانی شاندێکی یەکێتیی ئەوروپای بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و گوتی، "لە سەرەتای مانگی 3ـی ئەمساڵ سەردانەکە دەکرێت".