رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، ئەمڕۆ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی هەموو پەروەردەکانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 11ی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت. دەشڵێت، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو شایستە داراییەکانی دوو مانگی مامۆستایانی گرێبەست لە سنووری پەرەوەردەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک دابەشبکرێت."
6-1-2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "9-1-2025، مووچەی مانگی تشرینی دووەمی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت".
رۆژی پێنجشەممە، 09ـی کانوونی دووەمی 2025، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بۆ مانگی 11 لە سنووری پەروەردەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک دابەشدەکرێت."
ئەمە لەکاتێکدایە، لە سنووری پەروەردەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک مامۆستایانی گرێبەست تاوەکو ئێستا شایستەی دارایی مانگەکانی 7 و 8ی ساڵی 2024یان وەرنەگرتووە. کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، "هەوڵمانداوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو دابەشبکرێت."
شەوی 2ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچەی مانگی 11ـی بڵاویکردەوە کە لەماوەی چوار رۆژدا لە 5 بۆ 8ـی کانوونی دووەم، مووچەی مانگی 11ـی 2024ـی مووچەخۆران دابەش کرا. بەپێی لیستەکە، وەزارەتی پەروەردە سێشەممە، 7-1-2025 مووچەیان وەرگرت، بەڵام بەهۆی ئەوەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆیە، دابەشكردنی مووچەیەکەیان بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە دواخرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ