رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان نرخی 100 دۆلار گەیشتە 154 هەزار دینار. داواکارییەکانی دەرچوونی ئەمریکا و هێزە بیانییەکان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی دینار داناوە.
رۆژی سێشەممە 09-01-2024 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر، 100 دۆلار بە 152 هەزار و 850 دینار مامەڵەی پێوە کراوە.
وەکو ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ لەکاتی مامەڵەکاندا 100 دۆلار ئاستی 154 هەزار دیناریشی تۆمار کرد، بەڵام لەکاتی داخستندا، 100 دۆلار بە 153 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە کراوە.
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش، ئەمڕۆ 100 دۆلار لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا بە 153 هەزار و 250 دینار و، لەکاتی داخستنیشدا بە 153 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
لە بازاڕی دۆلارەکەش بە هەمان شێوە لەکاتی مامەڵەکانی رۆژدا 100 دۆلار گەیشتبووە 154 هەزار دینار.
وەکو حاجی سابیر دەڵێت، داواکارییەکانی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و، کۆکردنەوەی 70 واژۆ بۆ ئەو مەبەستە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی دینار داناوە.
بە گوتەی حاجی سابیر، کەم خستنەڕووی دۆلار بە شێوەی کاش لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی ئەمڕۆی نرخی دینار بووە، چونکە خواست لەسەر دۆلار هەیە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 221 ملیۆن و 6 هەزار و 414 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە، 209 ملیۆن و 886 هەزار و 414 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و، 11 ملیۆن و 120 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ