داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 77٪ کەمیکردووە

08-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ژمارەکانی وێبسایتی شەفافییەت، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 11 ملیار دینار بووە. لەکاتێکدا ئەو داهاتانە لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 46 ملیار دینار بووە، بەمەش داهاتەکانی ئەم هەفتەیە نزیکەی 77٪ کەمیکردووە.
 
بەپێی داتاکانی وێبسایتی شەفافیەت، داهاتە نانەوتییەکانی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، 11 ملیار و 910 ملیۆن و 537 هەزار دینار بووە، کە 8 ملیار و 747 ملیۆن و 264 هەزار دینار، بە نەختینە و بڕی 2 ملیار و 154 ملیۆن و 978 هەزار دینار بە چەک و  8 ملیۆن و 294 هەزار دینار بە مەقاسە بووە.
 
ئەو داهاتانەی ئەم هەفتەیە، داهاتەکانی رۆژی شەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2023 تاوەکو هەینی، 8-12-2023یە، لە کاتێکدا داهاتەکانی هەفتەی رابردووی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 46 ملیار و 220 ملیۆن و 591 هەزار دینار بووە، واتە داهاتەکانی سلێمانی و هەڵەبجە لەم هەفتەیەدا بە بڕی 35 ملیار و 310 ملیۆن دینار کەمیکردووە کە دەکاتە 77٪.
 
داهاتەکان لە رێگەی شەش گەنجینەدا (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆکراونەتەوە.  
 
رۆژی پێنجشەممە، 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی وێبسایتی شەفافیەتی راگەیاند کە هەموو داهاتەکانی ئەو دوو پارێزگایە لەخۆدەگرێت و بڕیاربوو بەهەمان شێوە خەرجییەکانیشیان بڵاوبکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە.
 
وێبسایتەکە لە هەشت بەش پێکدێت، لەلایەن نووسینگەی جێگری حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـە، سەرجەم ئەو داهاتانەی بەشێوەی دیجیتاڵی تێدا دەردەکەوێت کە رۆژانە، مانگانە و ساڵانە لەو سنوورەدا بەدەست دێن.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە