رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان – ئەپیکور، رایگەیاند، کۆمپانیای وێسترن زاگرۆسی ئەمریکی پەیوەندیی بە کۆمەڵەکەوە کردووە، بەمەش ژمارەی ئەندامانیان بووەتە حەوت ئەندام.
وێسترن زاگرۆس بووە سێیەم کۆمپانیای ئەمریکی لەپاڵ کۆمپانیاکانی (Hunt Oil) و (HKN Energy) کە دەبێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە و هەرسێکیان پێکەوە زیاتر لە 5 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان هەیە. گوتەبێژی کۆمەڵەکە دەڵێت: "بەهاتنە ناوەوەی ئەو کۆمپانیایە، دەنگی کۆمەڵەکە بەهێزتر دەبێت."
رۆژی پێنجشەممە، 7-12-2023، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان – ئەپیکور، کە کۆمەڵەیەکی وەبەرهێنانی بواری نەوت و گازە لە هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵەی بۆ حەوت ئەندام بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس کە کۆمپانیایەکی جیهانیی نەوتە هاتووەتە نێو کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستانەوە و بەوەش دەبێتە سێیەم کۆمپانیای نەوتیی ئەمریکی لەو کۆمەڵەدا دەبێتە ئەندام لە پاڵ کۆمپانیاکانی (Hunt Oil) و (HKN Energy) کە بەهەرسێکیانەوە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان هەیە."
کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس کۆمپانیایەکی ئەمریکیی کەرتی تایبەتە و نووسینگەی لە کاڵگەریی کەنەدا، هەولێر و سلێمانی هەیە و لەساڵی 2005ـەوە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری لە گەڕان بەدوای نەوت و گازدا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێناوە و ئەنجامی گەورەشی لەو بوارەدا بەدەست خستووە، وەکو کۆمەڵەکە باسیکردووە.
کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس، دوو گرێبەستی لە جۆری هاوبەشیکردن لە بەرهەم لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و ئەو دوو گرێبەستە چوارچێوەی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و گازی سرووشتی دیاریدەکەن، کە رێککەوتنی گەشەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گازی سرووشتی لە ناوچەکانی کوردەمیر و گەرمیان لەخۆدەگرێت.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور، رایگەیاندووە: "بەبوونە ئەندامی وێسترن زاگرۆس دەنگی کۆمەڵەکە بەهێزتر دەبێت، سەرجەم کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور بۆ هەمان ئامانج کاردەکەن کە خۆی لە بەرهەمهێنانەوە و هەناردەکردنەوەی نەوتە بەتەواوەتی لە بەرژوەندیی خاوەن بەرژەوەندییەکان و فەرمانبەران و ئابووریی عێراق."
هەروەها ئەوەشی گوتووە کە ئەندامانی کۆمەڵەکە هانی هەموو لایەنەکان دەدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک مافەکانیان بەپێی گرێبەستەکان بپارێزێت و ژینگەی وەبەرهێنانی ئایندەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بپارێزرێت.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور-APIKUR) کۆمەڵەیەکی وەبەرهێنانی بواری نەوت و گازە. لە مانگی شوباتی 2023 لەلایەن کۆمپانیاکانی DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy و ShaMaran Petroleum دامەزراوە. ئەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوت و گاز، لە هەرێمی کوردستان چالاکن.
پێش ئەم راگەیێندراوە، کۆمەڵەی ئەپیکور لە شەش کۆمپانیای تایبەت بە نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکهابوو و پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا، ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە، 50%ـی نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستانیان بەرهەم دەهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ