وەزارەتی کشتوکاڵ: هاوردەکردنی پەتاتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایدەگەیێنێت، لە رۆژی پێنجشەممەوە هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی پەتاتە قەدەخە دەکات. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش هەواڵەکە پشتڕاستدەکاتەوە. 
 
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بڕیاریانداوە هاوردەکردنی پەتاتە لە دەرەوە لە رۆژی 9-12-2021وە قەدەخە بکەن، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ بەرهەمی ناوخۆیی و خۆماڵی. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بڕیارە دەربڕی نیازپاکییە بۆ بەغدا لەبارەی ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، ئەو هەنگاوەش بۆ ئەوەیە لە داهاتوودا لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش هەمان هەڵوێستیان هەبێت، بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش ساخبێتەوە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.  
 
لە راگەیێندراوێکدا میساق عەبدولحوسێن، بریکاری هونەریی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، هاوردەکردنی پەتاتە قەدەخە دەکرێت و بڕیارەکەش بە فەرمی  رۆژی 9-12-2021 لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت.
 
میساق عەبدولحوسێن، راشیگەیاند، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، وەڵامدانەوەی هاوئاهەنگی بەردەوامی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدرالیی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیی و بەدیهێنانی سوودی ئابووری گونجاوە بۆ جووتیاران.