بە نووسراوێکی ساختەی وەزیری کشتوکاڵەوە هێلکە و دووگی قاچاخ هاوردە دەکرێت
رووداو- هەولێر
دوو پەرلەمانتاری کوردستان دەڵێن رۆژانە هێلکە و دووگ بەشێوەی قاچاخ لە سنوورەکانەوە هاوردەدەکرێن. هاوردەکردنەکەش بە نووسراوێکی وەزیری کشتوکاڵە. بێگەرد تاڵەبانیش دەڵێت، نووسراوەکە ساختەیە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
رۆژی شەممە عەلی حەمە ساڵح و سۆران عومەر، دوو پەرلەمانتاری کوردستان باسیان لە "گەورەترین گەندەڵی" کرد لە خاڵە سنوورییەکان. عەلی حەمە ساڵح لە پۆستێکی فەیسبووکدا نووسیویەتی: "سێ مانگه بهوردی لهسهر سهرجهم خاڵه سنووریهکان بهدواداچوونمان کردووه، ئهوهی ئێمه بهبهڵگهی تهواو دهستمانکهوتووه، دزی و تاڵانی له خاڵه سنوورییهکان دهسهلمێنێت، تاڵانییهکی بێ وێنهیه، دزی و خیانهت له ههموومان، له گیرفانی ههمووان، خهڵکێک ئامادهیه بۆ دهستکهوتنی پاره ههمووان تووشی خراپترین نهخۆشی بکات".
بەگوتەی عەلی حەمە ساڵح، راپۆرتهکهی داوەتە سهرۆکایهتی حکومهت و پهرلهمان و، ئێستا لیژنه دروستکراوهو بهڵێنی ئیجرائات دراوه. ئەو دەڵێت" بهدواداچوونهکه لهسهر ههرچوار مهرزی ئیبراهیم خهلیل و حاجی ئۆمهران و باشماخ و پهروێزخان و ههموو مهرزه لاوهکییهکانه".
هەروەها سۆران عومەر پەرلەمانتارێکی دیکەی کوردستان لەسەر هەمان پرس نهێنی وردتری ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە: "بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانمان بانگهێشتی پەرلەمان کردووە و دەڵێن ئێستا بەبازگەکان دەڵێن چاوداخەن تاوەکو قافڵە بارە ھێلکە و دووگە قاچاخەکە تێدەپەڕێ، کەتێدەپەڕێ دەڵێن چاوتان بکەنەوە!".
لە نووسراوەکەیدا کە ئاراستەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کراوە، سۆران عومەر دەڵێت: "تەنھا لەمانگی 8 ی ئەمساڵ هەزار و 2013 بەرھەڵگری ھێلکەیان هاوردەکردووە و 13 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە! تەنھا لە 1-12-2019 تاکو رۆژی 7-12-2019 283 بارھەڵگر ھێلکەیان هاوردەکردووە".
هەموو ئەمانە بە نووسراوێک بەناوی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کراوە، کە ئاراستەی مەرزی نیودەوڵەتی باشماخ کراوە و بەپێی نووسراوەکە گوایە وەزیر داوایکردووە رێگە بە هاوردەکردنی 10 هەزار تۆن دووگی بەستوو بدرێت، بە مەرجێک بۆ هەرێمی کوردستان نەبێت.
لەبارەی نووسراوەکەوە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاندووە: "كەسێكی ساختەكار، بەنووسراوێكی ساختە هەوڵی هاوردەكردنی بڕێكی یەكجار زۆر دووگ (دووگی مەڕ)ی بەستووی داوە، بەگوێرەی یاسای كەرەنتینەی ڤێتەرنەری لە سەرتاسەری عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە قەدەخەیە.
وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت: "نووسراوەكە لەسەر كڵێشەیەكی ساختە و دروستكراوە، جگە لە ساختەیی كڵێشەكە و لەیەك نەچوونی لەگەڵ كڵێشەی وەزارەتمان، دەقی نووسراوەكەش پڕە لە هەڵەی تەكنیكی و ئیداری زەق، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ كراوە. هەرزوو هەست بەساختەیی نووسراوەكە كراوە، دەستكراوە بەلێكۆڵینەوەو رێكاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەرو بەرەوپێشچوون هەیە، لەداهاتوو تەواوی وردەكارییەكەو ئەنجامەكەی رادەگەیێنین".
نووسراوەکە، لە 24-11-2019 دەرچووە و ژمارە 8043ی بەسەرەوەیە، بەوشەی تکایە دەستپێدەکات، باس لەوە دەکات رێگە بە کۆمپانیای ئەنیسکۆ بۆ بازرگانی گشتی سنووردار بدەن، دووگە بەستووەکە هاوردە بکات بۆ کارگەی بەرهەمهێنانی سابوون لە شاری بەغدا، بەمەرجێک نابێت لە هەرێمی کوردستان بەکاری بهێنێت.
هەروەها حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ جەختکردنەوە لە ساختەبوونی نووسراوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" لە رۆژی یەکشەممەوە (8-12-2019) دەست بە لێکۆلینەوە لەوبارەوە دەکەین."
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش راگەیێندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "ستافی گومرگی باشماخ وریایانە درکیان بە ساختەیی نووسراوەکە کردووە. رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر".
وێنەیەکی نووسراوە ساختەکە: