رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێنوێنی ملیاردێرەکانی بلوومبێرگ، لە رۆژی چوارشەممە کە هەڵبژاردنی ئەمریکا بەڕێوەچوو و دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە، لەو رۆژەدا سامانی 10 دەوڵەمەندترینەکانی جیهان 64 ملیار دۆلار زیادیکردووە.
زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەو رۆژەدا سامانەکانیان زیادیکردووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پشکەکانیان بوو لە بازاڕەکانی ئەمریکا.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی کە لە پێگەی فەرمی بلوومبێرگدا بڵاوکراوەتەوە، لەو رۆژەدا سامانی ئیلۆن مەسک، سەرمایەداری ئەمریکی، کە لە هەڵبژاردنەکە پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی ترەمپ بوو، 26.5 ملیار دۆلار زیادیکردووە و گەیشتووەتە 290 ملیار دۆلار، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە، نرخی پشکەکانی تێسلا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.
جێف بەیزۆس، دامەزرێنەری ئەمازۆن و سێیەم دەوڵەندترین سەرمایەداری جیهان یەکێکی دیکە بوو لەو کەسانەی کە لە رۆژی هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا، سامانەکەی 7 ملیار دۆلار زیادیکرد.
هەروەها لاری ئیلیسن، سەرۆکی دامەزراوەی ئۆراکل، کە کۆمپانیاییەکی بواری تەکنەلۆژیایە، 10 ملیار دۆلار سامانەکەی زیادی کردووە و گەیشتە 190 ملیار دۆلار.
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە سامانەکانیان لەو رۆژەدا زیادبووە، مارک زۆکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتایە و سامانەکەی گەیشتە 202 ملیار دۆلار، ئەوەش دوای ئەوەی لەو رۆژەدا سامانەکەی 81 ملیۆن دۆلار زیادکرد.
ریزبەندی ئەو کەسانەی کە لەو رۆژەدا سامانەکەیان زیادکردووە لەگەڵ رێژەی زیادبوونی سامانەکانیان:
ئیلۆن مەسک: 10٪
جێف بێزۆز: 3.2٪
لاری ئیلیسن: 5.4٪
بێرنارد ئارنۆڵد: 1.6٪
بیل گەیتس: 1.2٪
لاری پەیج: 3.6٪
سێرگی برین 3.6٪
وارێن بەفێت: 5.4٪
ستیڤ بالمەر: 2٪
مارک زۆکەربێرگ: 0.04%
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ