شەفافیەت: داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی هەشت ملیار دینار کەمیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 10 ملیار دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشتر زیاتر لە 44٪ کەمیکردووە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە رێککەوتی 02-11-2024 بۆ ئەمڕۆ هەینی، 08-11-2024، 10 ملیار و 515 ملیۆن و 785 هەزار و 525 دینار بووە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، بەراورد بە هەفتەی پێشوو، داهاتەکە 8 ملیار و 288 ملیۆن و 773 هەزار و 173 دینار کەمیکردووە.
 
لە داتاکانی شەفافیەتدا هاتووە، داهاتی ئەو سنوورانە ساڵی رابردوو یەک ترلیۆن و 173 ملیار و 990 ملیۆن و 914 هەزار و 465 دینار بووە.
 
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە.
 
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
 
ماڵپەڕی شەفافیەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـە.